بەرپرسە ئەمەریكییەكان قسەیان بۆ (ئاژانسی رۆیتەرز) كردووە و ئاماژەیان بەوەداوە: بەهۆی ئەگەری زۆربوونی گرژییەكان لە عێراق، ئەمەریكا ئامادەكاری دەكات باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغدا چۆڵ بكات.
ئاژانسەكە لەسەر زاری دوو بەرپرسەكە ئاماژەی بەوەشداوە: چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پێنتاگۆن) بەشێوەیەكی قۆناغ و رێكخراو بڕیار لەسەر چۆڵكردنی كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بدات، كشانەوەكەش لە رێگەی گەشتی بازرگانی دەبێت و ئەگەر پێویست بكات سوپای ئەمەریكاش هاوكار دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا 5 گەڕی دانوستانەكان لەنێوان شاندی ئەمەریكا و ئێران لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە.
لەمبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند كە تا دێت متانەی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسییەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە نامێنێت.
لای خۆشییەوە عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگریی ئێران هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا گوتبووی: ئێران بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بە ئامانج دەگرێت ئەگەر دانوستانەكان سەركەوتوو نەبوون و هێرش بكرێتە سەر ئێران.