لە كۆبوونەوەیەكی نێوان وەزیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، بڕیاردرا کارکردن و سواڵكردنی منداڵان لە ترافیك و لەسەر شەقامەكان قەدەغە بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە یووسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر سەردانی وەزارەتی ناوخۆی كرد و لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر لە كۆبوونەوەكەدا دیاردەی کارکردن و سواڵكردنی منداڵانی لەسەر شەقام و لە ترافیکلایتەکان باس کرد و پلانی وەزارەتی کار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە خستەڕوو.
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پاڵپشتی خۆی بۆ وەزارەتی کار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕاگەیاند، بۆ ئەم مەبەستەش پۆلیسی نەجەوانانی ڕاسپارد بۆ هاوکاربوون لە جێبەجێکردنی پلانەکە.