یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، دووپاتی دەکاتەوە، فشارێکی زۆر لەسەر حکوومەتی عێراق هەیە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: هەولێر و بەغدا چاوەڕێی ئەمری وەلائین بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە.
چوارشەممە، 11-06-2025، ڕێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، هەردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق چاوه‌ڕێی فه‌رمانسالار (ئەمری وەلائی)ـی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ده‌كه‌ن بۆ چارەکردنی کێشەی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دابەش نەکراوە. سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەیەک فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی، سکاڵایان لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ نەناردنی مووچە تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دادوەران کە پێنجیان چووبوونە حەج، تا ئێستا دادگا هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە نۆ دادوەری سەرەکی پێک دێت. ئەو پێنج دادوەرەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چووبوونە مەککە، یەکێکیان سەرۆکی دادگاکەیە. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ، پێویستە هەموو دادوەرەکان ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاری و سکاڵایەک.
ڕێباز حه‌ملان گوتی: “ئینشائەڵڵا ئەمری وەلائی بەو ئاراستەیە دەردەچێت کە دەست بە خەرجکردنی مووچە بکرێت، چونکە مووچە مافێکی دەستووری و یاساییە و بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ئەو ڕێککەوتنەی لە 01-02-2025، لە نێوان هەردوو (حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق) کراوە دەبێت خەرج بکرێت. هیوادارین هیچ کۆسپێکی دیکە دروست نەکەن.”
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه، فشارێكی زۆری ئه‌مەریكا له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان چاره بكات. هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی مووچە، بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیدایە.