دوێنێ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەندان بەرپرسی باڵای حکوومی و حزبی، تەرمی کەریم شنگالی گەڕێنرایەوە هەولێر.
دوێنێ لەبارەی کۆچی دوایی کەریم شنگالیەوە، سەرۆک بارزانی، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە، بە داخێكی زۆرەوە تێكۆشەر و كەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: خوا لێ خۆشبێت كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە یەكێك لە كادیرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە و، لە دەستپێک و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.
لە پەیامەکەدا، سەرۆک بارزانی، باسی لەوە کرد، خوا لێ خۆشبوو كەریم شنگالی، پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لە دەستدانی كۆستێكی گەورەیە.
هەر بەهۆی کۆچی دوایی کەریم شنگالی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، هەواڵی کۆچی دوایی خوا لێ خۆشبێت کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی دیار و ناسراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر خەمباری کردم.
مەسرور بارزانی، گوتیشی: کەریم شنگالی لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، کەریم شنگالی، لە هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانیدا، زۆر بە دڵسۆزی و لێهاتووییەوە، کارەکانی جێبەجێ دەکرد و کەسێکی وەفادار و جێی متمانە بوو.
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی کەریم شنگالی و هەموو کەسوکار و دۆست و هەڤاڵەکانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەموو لایەکمان ببەخشێت.
عهبدولكهریم سوڵتان عهبدوڵڵا، ناسراو بە (کەریم شنگالی) ساڵی 1950 لە شاری مووسڵ لە دایکبووە و بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسا بەدەست هێناوە لە زانکۆی بەغدا. وەزیری پێشووی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها دوای دامەزراندنی کابینەی نۆیەم وەک ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەست نیشان کراوە.