یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجیانی عێراقی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، “ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی عێراقی بە فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی عێراقی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “گەراندنەوەی حاجیان لە سعوودیەوە بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.”

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، سەرۆکی شاندی حاجیانی کوردستان ڕایگەیاند، حاجیانی هەرێمی کوردستان بەسەلامەتی پرۆسەی حەجیان کرد، گوتیشی، ڕۆژی 14ـ6-2025، یەکەم کاروانی حاجیانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان بەڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام حاجیانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ، بەرەبەیانی 15ـی 6، بەڕێگەی وشکانی دەگەنەوە شاری هەولێر.

ئاماژەی بەوەش کرد، حاجیانی هەولێر و سلێمانی لە ڕۆژی 14ـی 6، بەڕێگەی هێڵی ئاسمانی دەگەنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.

ئەمساڵی وەکوو پشکی هەرێمی كوردستان لە عێراق، پێنج هەزار و 120 حاجی کوردستان گەشتی سعوودیەیان کرد بۆ فەڕیزەی حەج.

دەستەی گشتیی ئاماری سعوودیە، ڕۆژی پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند، کۆی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 673 هەزار و 230 حاجی کە لە نێویاندا یەک ملیۆن و 506 هەزار و 576 حاجییان لە وڵاتانی دەرەوە هاتوون. هەروەها ژمارەی حاجیانی ناوخۆش گەیشتووەتە 166 هەزار و 654 حاجی.