سەرۆكی حزبی دۆزی ئازاد (هودا پار) داوا دەكات لە دەستووری تازەی توركیادا كورد وەكو نەتەوە بناسێنرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

توركیا خۆی ئامادە دەكات، تا دەستوورێكی تازە بۆ وڵاتەكەیان بنووسنەوە، كورد كە ٢٥ ملیۆنن لە توركیا، داوا دەكەن لە دەستووریی ئەمجارەدا كورد لەبیر نەكرێت و وەكوو نەتەوە بناسێنرێت و هەروەها رێگەش بدرێت كورد بەزمانی دایك بخوێنێت. سەرۆكی هودا پار، داوا دەكات لە دەستووریی ئەمجارەدا كورد وەكوو نەتەوە بناسێنرێت.

دوای ئەوەی، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، داوای لە پەكەكە كرد كۆنگرە ببەستێت و چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پەكەكە كۆنگرەی ١٢ی بەست و خۆی هەڵوەشاندەوە، بۆیە دەم پارتی و كەسایەتییە سیاسیی و رۆشنبیرەكانی كورد، داوا دەكەن چەك دانانی پەكەكە، لەبەرامبەر گۆڕینی دەستووری توركیا بێت، بەوەی كورد مافەكانی بەیاسایی بكرێت و وەكوو نەتەوەش بیناسێنن.
زەكەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆكی هودا پار، كە لە هەمان كاتدا پەرلەمانتاریشە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (BBC) توركی، هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەكانی كۆنگرەی ١٢ی پەكەكە كردووە و هەروەها لەبارەی نووسینەوەی دەستووریی تازەی توركیاش بۆچوونی جیاوازی هەیە.
زەكەریا پێیوایە، پرسی چارەسەریی كە هاتووەتە بەرباس، ماوەیەكی زۆرە لە نێوان ئۆجەلان و دەزگای هەواڵگری توركیا بوونی هەیە، بەڵام نەیانهێشتووە كەس بیزانێت.
هەروەها لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە، كە هەندێك پێیانوایە پرسی چارەسەریی كورد، بەچەكدانانی پەكەكە كۆتایی پێ دێت، پێیوایە پرسی كورد بەنووسینەوەی دەستوورێكی تازە بۆ توركیا چارەسەر دەبێت.
هودا پار، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣دا، پشتگیریی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان كرد، هەروەها توانیان ببنە خاوەنی چوار كورسی پەرلەمان.
لەبارەی نووسینەوەی دەستوورێكی تازە بۆ توركیا، كە ئەردۆغان و بەشێكی زۆری سەركردە سیاسییەكانی توركیا داوای دەكەن دەڵێت“ پرسی كورد لە توركیا، لە سەردەمی عوسمانییەكان و كۆماریی توركیا و تاكحیزبیدا بوونی هەیە، پرسی كورد پرسێكە كە بەیاسا لەگەڵ توركدا وەكوو برایەتی نەهاتووەتە دی، بۆیە دەتوانێن سەرلەنوێ دروستی بكەینەوە.“
زەكەریا باس لەوە دەكات، كە ئەدەبیاتی برایەتی لە توركیا زۆر باس كراوە، بەڵام برایەتی تەنیا بە ئەدەبیات نایەتە دی، بەڵكوو دەبێت زەمینەیەكی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە.
دەڵێت: ”دەبێت لەبەدەم یاسادا یەكسان بین. بۆ نموونە لەبارەی خوێندن بەزمانی دایك، لەبارەی زمانی كوردی دەبێت هەنگاوی باش بهاویشترێت. بۆ نموونە ناساندنی هاووڵاتیی دەبێت سەرلەنوێ پێناسەی بۆ بكرێتەوە“.
زەكەریا، داوا دەكات مادەكانی یەك تا چواری دەستووری توركیا بگۆڕدرێت، بەتایبەت رەخنە لە مادەی چواری دەستووری توركیا دەگرێت، كە دەڵێت بەهیچ شێوەیەك نابێت مادەكانی یەك تا سێ هیچ گۆڕانكارییەكیان تێدا بكرێت، كە لەو سێ مادەیەدا تەنیا زمانی توركیا ناسێنراوە و هەروەها تەنیا نەتەوەی تورك ناسێنراوە و لە تورك زیاتر هیچ نەتەوەیەكی تر لە توركیا نەناسێنراوە.

پاشخان:
پارتی دۆزی ئازاد (بە تورکی: Hür Dava Partisi، HÜDA PAR) پارتێکی ئیسلامگەرای سوننەیە لە تورکیا. بارەگاکەی لە شاری باتماندایە لە کوردستانی باکوور؛ بە عەرەبی پێی دەڵێن: (حزب الدعوە الحرە أو “هدی بار”)؛ بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ماڵپەڕی ویکیپدیا بکەن:
https://en.wikipedia.org/wiki/Free_Cause_Party