رۆژنامەی ھەولێر

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق کۆبۆوە

دوێنێ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق لە نیویۆرک بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامان و باڵوێزی وڵاتان ڕای خۆیان لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

هاوکات، ڤازیلی نەبەنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، “پێمان وایە گرنگە پێشکەوتن لە دیالۆگی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسە کەڵەکەبووە چارەسەرنەکراوەکان هەبێت.”
نەبەنزیا رایگەیاند، “پێشوازی لە چارەسەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین، کە بێگومان هاوکار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و تەواوی وڵاتەکە.”
هەروەها نوێنەرایەتیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە وردی چاودێریی هەوڵی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەن. بە گرنگیشی دەزانێت پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تشرینی دووەمدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
لەلای خۆیەوە، جەنگوک هوانگ، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، “جەخت لە گرنگی بەردەوامی دیالۆگ لەنێوان بەغداد و هەولێر سەبارەت بە پرسە ئەمنی و ئابوورییە ئاڵۆزەکان دەکەینەوە. هەروەها، گرنگە پەلە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکرێت.”