سبەی سایلۆکانی هەولێر بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێنەوە

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ درگای سایلۆکانی کوردستان جگە لە هەولێر بەڕووی جووتیاراندا کرایەوە و دەشڵێت؛ “جووتیارانی هەولێر لە رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانەوە دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.

دوێنێ، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند: ” پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی پیرە مەگرون دەستی پیکرد و لە دوو رۆژی ئایندەدا لە هەولێریش پرۆسەکە دەستپێدەکات”.
سەبارەت بە جووتیارانی هەولێر نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکان، ئەمرۆ سایلۆکانی هەولێر گەنم وەرناگرن، بەڵام 12ـی حوزەیران کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە، هەولێریش سایلۆکانی بەڕووی جووتیاراندا دەکاتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان گوتی، پێویستە بە پێی ئەو پلانەی داندراوە، جووتیاران گەنم بهێنن و پێویستە لەسەر فەرمانبەری سایلۆکانیش رێز لە جووتیاران بگرن و لە کاتی خۆیدا گەنمەکانیان لێ وەربگرن.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: “کەرتی کشتوکاڵ گەنجینەی وڵاتە و لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێدراوە، بۆیە بە مادی و مەعنەوی هاوکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی دەکات”.
حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیش ئەو بڕە بە کەم دەزانێت و داوای کردووە رێژەکە بەرزتر بکرێتەوە.