ڕائیب جادر – هەولێر
چاودێران و شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، بڕیاری حکوومەتی فیدراڵ دژی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی سیاسییە و تێکەڵکردنی قووتی خەڵک بە ململانێی سیاسی کارێکی ناڕەوایە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا تەنیا مووچە نییە، بەڵکو چەندین کێشەی دیکە ھەن پێویستە بەپێی دەستوور ئەو کێشانە چارە بکرێن. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێ، لە عێراق ڕێز لە یاسا و دەستوور ناگیرێت، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاری لە بەغدا کردووە.
دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، بە نووسراوێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت مووچە بنێرێت، بە پاساوی ئەوەی، کوردستان بڕی پشکی دیاریکراوی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەی بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی.
لە بەرانبەردا ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی ھەرێمی کوردستانی نادەستووریی و نایاساییە، ھەروەھا حکوومەتی فیدراڵ بەم بڕیارە سیاسییە گەمارۆ دەخاتە سەر ھەرێم، کە ئامانج لێی سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە.
ئەنجوومەنەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت لە ژێر ھیچ پاساو و بیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ ھەشت مانگی داھاتوو ڕابگیرێت.
د. ئازاد سەعید، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، لە ماددەی ١٤ـی دەستوور ئاماژە بەوە کراوە، نابێت جیاوازی لە نێوان چین و توێژەکانی عێراق بکرێت، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، لە ناوچەکانی عێراق کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست ناکرێت، بەڵام ھەر مانگێک بە بیانووێک مووچەی خەڵکی کوردستان ڕادەگرن، لە ھەمان کاتدا بەپێی ماددەی ١٢١ـی دەستووری عێراق، پێویستە ھەرێمی کوردستان بودجە و بەشی خۆی لە بەغداوە بێ کێشە بۆ بێت، نەوەک لیست بنێردرێت و چاوەڕێ بکرێت بەغدا ڕازی بێت و مووچە بنێرن.
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە بەغدایە کە پابەندی بڕیارەکان و یاسای بودجە نەبووە، پێویستە لەم پرسەدا لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن و کێشە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن، چونکە پرسەکە پەیوەندی بە ھەموو کوردستانەوە ھەیە نەک تەنھا لایەنێک.
ڕەزا کامەران، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” جەختی لەوە کردەوە: چەندین ڕێککەوتن ھەبوونە، ھەرگیز حکوومەتی عێراق پابەندی ھیچ کام لە ڕێککەوتنەکان نەبووە، بەتایبەتی پرسی مووچە و بودجە، کە لە دادگەی فیدراڵی یەکلا کراوەتەوە، ھەموو مانگێک حکوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئەمەش بە ھەموو پرەنسیپەکان نادەستووری و نایاساییە، ھەندێک لایەنی سیاسیی لە پشت ئەم بڕیارانەی بەغدانە کە دەیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تێک بدەن.
ئەو چاودێرە، زیاتر گوتی: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەک گوتار و یەکدەنگ بن، تا بتوانن فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکەن و، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بە شێوەیەکی بنەرەتی چارە بکرێت، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ڕەوا نییە قووتی میللەت تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت.
ڕەزا کامەران، چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە و، ئامانج لێی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، کێشەکانی ھەولێر و بەغدا تەنیا مووچە نییە وەکو ئەوەی ھەندێک لایەن باسی دەکەن، بەڵکو چەندین کێشەی دیکە ھەن پێویستە بەپێی دەستوور ئەو کێشانە چارە بکرێن، ئەگەر کێشەکان چارە نەکرێن، پێویستە کورد بژاردەی دیکە بگرێتەبەر، لەوانە کشانەوە لە حکوومەتی عێراق، لەگەڵ بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەگەر کورد بایکۆتی ئەو ھەڵبژاردنە بکات، ھەڵبژاردنەکە شەرعییەتی نابێت، بەوەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت، بەوەش عێراق ناچار دەبێت نەک تەنیا کێشەی مووچە، بەڵکو کۆی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم چارە بکات.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئێمە ھەموو ساڵێک کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە، ھیچ ساڵێک کێشەکانمان لەگەڵ ئەوان چارەسەر نەبووە، ئێمە دەگەینە ئاستێک، ئەوان دێن بە وتارێکی سیاسی یان لێدوانە سیاسییەکانی ئەوان کە بەناو سیاسەتوانن، لە وەزارەتی دارایی، کێشەیەک دروست دەکەن و ھەموویان پێکەوە ڕێک دەکەون تاکو دژی ھەرێمی کوردستان گرفت دروست بکەن، لە دەستووری عێراق ماددەی ١١٧، کە دەڵێت ھەرێمی کوردستان با یاسا ھەرێمێکی دەستوورییە کیانێکی سیاسییە و حکوومەت و پەرلەمانی خۆی ھەیە، گەر بێنە سەر ئەرزی واقع حکوومەتی بەغدا ھەر جارە و بیانوویەک دەگرێ.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ڕاشیگەیاند، لیژنەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموو فایلەکانی خۆی بە شێوەیەکی شەفاف و ڕوون بۆ حکوومەتی بەغدا دیاری دەکات، بەڵام بەغدا بە ئارەزووی خۆی بیانوویەک دەدۆزێتەوە دژ بە ھەرێمی کوردستان، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش بە بیانووی ئەوەی بودجەی ھەرێمی کوردستانی ھەمووی داوە، گەورەترین ھەڵەیە، چونکە ھیچ بەڵگە و ڕاستییەک بۆ پاڵپشتیی ئەو بڕیارە نییە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی ناوە بە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان ھەنگاوێکی نادەستووری و نایاسایی سیاسییە و ھەنگاوێکی نامرۆڤانەیە و ئەوەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان کراوە ھاوشێوەی غەزەیە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشی کردەوە: پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا ھاوھەڵوێست بن و پێکەوە دژی بڕیارەکانی بەغدا بوەستنەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنە سەر خەت، کە ئێستا ئەمریکا فشاری لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بە بڕیارە نایاساکانی خۆیدا بچێتەوە و قوتی خەڵکی کوردستان ڕەوانە بکات.