ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی پشووی ھاوین و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و نزمی پلەکانی گەرمای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بە بەراورد بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بۆ جەژن پڕ ببوون لە گەشتیار، ئەم قەرەباڵغییە جووڵەی بازرگانی و کەسابەتی کارا کردووە. بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێت: ھاتنی گەشتیار بەراورد بە جەژنی قوربانی پار زیادیکردووە، ئەوەش بەھۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات، وایکردووە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە کوردستان بکەن.
لەم جەژنەدا بەردەم ھاوین ھەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان قەرەباڵغ بوون، لەسەر شەقامەکانیش ئۆتۆمبێل و پاسی ھێنانی گەشتیاران ڕیزیان بەستبوو. گەشتیاران لە نێو ئاو و شوێنە خۆشەکان سەمایان دەکرد، لە بەردەم شەپۆلەکان خۆیان فێنک دەکردەوە و گەرمای تاقەتبڕی ناوچەکانیان لە بیری خۆیان دەبردەوە. نازدار حەسەن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەفتەیەک دەبێت لە ئەوروپا ھاتوومەتەوە، شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران ئەوەندە خۆشن ھیچ کات لێی بێزار نابی و بۆ ماوەیەک لێرە دەمێنمەوە و دواتر دەگەڕێمەوە.
ڕەزا ڕەسولی، گەشتیارێکی ئێرانییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ئێران ھاتووین تاڤگە و سرووشتی کوردستان سەرنجی ڕاکێشاوین، کەشێکی خۆش و فێنکە خەڵکەکەی باشن و فەرھەنگێکی بەرزیان ھەیە لە میوانداری کردن، ئەوە یەکەم جارە دێینە کوردستان، بەڵام دڵنیام زیاتر ڕوو لە کوردستان دەکەین.
چەند پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە ژمارەی ھاتنی گەشتیارانیش بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، گەشتیاری عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، پشکی شێری ئەو گەشتیارانە پێکدێنن کە ھاتوونەتە کوردستان، عەبدوڵڵا کەریم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: گوتمان لەو ڕۆژە خۆشانە با بچینە شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان، خەڵکەکەی باشن و شوێنەکانیش خۆش و جوانن، ئاوێکی سازگاری ھەیە و لە بەغدا ئەوانە نین، قەت لێی بێزار نابی، ھەر ئەوەش وای کردووە ھەموو ھاوینێک بێینە کوردستان.
ئەو گەشتیارە، دەشڵێ: ڕازی بووین لە نرخ و خزمەتگوزارییەکان، چوار ڕۆژ پێش جەژن ھاتووین، ئەو چەند ڕۆژەش ھەر لە کوردستان دەمێنینەوە، ھیوادارین کوردستان ھەر وا خۆش و جوان و بە ئارامی بمێنێتەوە.
ئامادەکاریەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ جیاوازتر بوون لە چاو پار ساڵ، لە پاڵ چاودێریکردنی شوێنە گەشتیارییەکان بۆ باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکەن، ئەو کەسانەشی سزا دەدا کە ڕێنمایەکان جێبەجێ ناکەن، ھەر چەند گەشتیاری زۆر ڕوو لە کوردستان بکەن جێگەی ھەموویان دەبێتەوە، دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لەم جەژنە پێشبینیمان کردووە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئێستا ھەرێمی کوردستان لە توانای دا ھەیە لە شەوێکدا پێشوازی لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار بکات، لە ڕێگەی ٨١٢ ھۆتێل، مۆتێل و گوندی گەشتیارییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵانی ڕابردوو بەھۆی بێ شوێنی گەشتیار لە پارک و سەر شەقامەکان دەمانەوە، بەڵام ئێستا بەکرێدانی باخ و خانووی گەشتیاری ترسی بێ شوێنی ڕەواندووەتەوە.فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ ئامادەکارییەکی باشمان کرد بوو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، ھاوئاھەنگییەکی زۆرباش و کاریگەر لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەبوو بۆ دڵنیا بوون لە خزمەتگوزارییەکان، ژمارەیەک تیمی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار بەجوانترین شێوە لە بازگەکان پێشوازیان لە گەشتیاران دەکرد، لیژنەکانمان لەنێو سەرجەم بنکەکانی گەشتیاری چاودێریی نرخ، پاکوخاوێنی، کواڵیتیی خواردن و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان دەکرد، ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو بینرابایە، ڕێکاری توند لە بەرامبەریان دەگیرایەبەر، گەشتیاران لە ھەموو پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکە، بەگوێرەی پێشبینییەکان ھاتنی گەشتیار بەراورد بە جەژنی قوربانی پار زیادیکردووە، ئەوەش بەھۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات، وایکردووە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە کوردستان بکەن.