پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025 تێكۆشەر و كەسایەتیی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كەریم شنگالی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە یەكێك لە كادیرە لێهاتوو و ماندوونەناسەكانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بووە و لە دەستپێک و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا فەرماندەیەکی چالاک و سەرەکی بووە و هەروەها لە سەردەمی خەباتی شاخ و لەدوای ڕاپەڕین و لە كاروباری سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیدا ئەركەكانی خۆی دڵسۆزانە و زۆر بەباشی بەجێ گەیاندووە.

خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی پێشمەرگەی ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. بۆ منیش وەک هەڤاڵێکی نزیک و هاوڕێی ڕێگەی خەبات بوو و تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد و لەدەست دانی كۆستێكی گەورەیە.

سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە و كەسوكار و هەڤاڵانی كەریم شنگالی و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازانی كوردستان دەكەم.

لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو كەریم شنگالی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیه راجعون

مسعود بارزانی