مەكتەبی سیاسی پارتی پەیامێكی سەرەخۆشی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی بڵاو دەكاتەوە

دەقی راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ كۆچی دوایی كەریم شنگالی:-

بەخەم و پەژارەیەکى زۆرەوە هەواڵى کۆچى دواییى کەسایەتى تێکۆشەر و سیاسەتمەدارى دیارى گەلەکەمان (عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵا) ناسراو بە (کەریم شنگالى) ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان ڕادەگەیەنین، کە دواى ململانێکى زۆر لەگەڵ نەخۆشى بەداخەوە ئەمڕۆ سێ شەممە 10ى حوزەیرانى 2025 کۆچى دوایی کرد.

هەڤاڵ (کەریم شنگالى) لە ساڵى (1950) لە شارى موسڵ لە دایکبووە، لە تەمەنى 18 ساڵى و لە تافى لاوێتیدا پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتیمانەوە دەکات و بە ماوەیەکى کەم و لە ساڵى (1969) بەهۆى توانا و دڵسۆزییەوە پلەى ئەندامى لیژنە ناوچەى لە لقى پێنجى پارتیمان لە بەغدا پێ دەدرێت، لە ساڵى (1971) بڕوانامەى بە کالۆریۆس لە یاسا لە زانکۆى بەغدا بەدەست دێنێت و بۆ ماوەى 2 ساڵ کارى پارێزەرى دەکات و پاشان لە ساڵى (1973) پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە دەکات و، لە ساڵى (1975) لە دواى نسکۆى شۆڕشى مەزنى ئەیلوول ژیانى ئاوارەیى هەڵدەبژێرێت و ڕوو لە وڵاتى ئێران دەکات، بەهۆى لێهاتوییەوە ئەرکى ئەندامى لیژنەى سەرپەرشتى ئاوارەکانى لە وڵاتى ئێران پێ دەسپێردرێت.

یاساناس و سیاسەتمەدارى گەلەکەمان خوالێخۆشبوو (کەریم شنگالى) لە ساڵى (1976) دەبێتە ئەندامى سەرکردایەتى لە شۆرشى گوڵان و بەشدارى چالاکییەکانى هێزى پێشمەرگە دەکات، دواتر لە ساڵى (1979) ئەندامى لیژنەى ئامادەکارى کۆنگرەى نۆیەمى پارتیمان بووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە ساڵى (1993) لە کۆنگرەى یانزەیەمى پارتیماندا بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندی هەڵدەبژێردرێت و لە کۆنگرەى دوانزەیەمیشدا لە ساڵى (1999) جارێکى دیکە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەڵدەبژێردرێتەوە و لە کۆنگرەى سیانزەیەمى پارتیماندا لە ساڵى (2010) بە ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و دواتریش ئەندامى مەکتەبى سیاسى هەڵدەبژێردرێت و لە ئەرک و کارى پارتایەتى بەردەوامدەبێت تا لە کۆنگرەى چواردەمى پارتیمان لە ساڵى (2022) داواى بەخشین لە جەنابى سەرۆک و کۆنگرە دەکات و بەهۆى نەخۆشى خۆى بۆ ئەندامى کومیتەى ناوەندى پارتیمان هەڵنابژێرێتەوە.

هەڤاڵ(کەریم شنگالى) تەمەنێكی پڕاوپری لە خەبات و كۆڵنەدانى سەرڕاست و خۆنەویستانە بەسەر برد، هەمیشە نموونەی دڵسۆزی و كەسایەتی پاك و لەخۆبردوو بوو، كادیرێكی سیاسی قاڵبووی نێو گۆڕەپانی خەبات و تێكۆشانی حزبی و سیاسی بوو، هەر بۆیەش لەلایەن سەرۆک بارزانى و لەنێو هەڤاڵانى جێگاى متمانە و مایەی رێز و خۆشەویستی زۆر بوو.

هەڤاڵى کۆچکردوومان بەدرێژایی تەمەنی پڕ بەخششی خەباتى جیا لە بەرپرسیاریتی حزبى چەندین بەرپرسیاریەتی و ئەركی سەخت و قورسی سیاسی و سەربازی و ئیداری دیكەی پێسپێردراوە و لە کابینەکانى چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەوتەم و هەشتەمى حکوومەتى هەرێمى کوردستان وەزیرى ناخۆ بووە و دوا وێستگەى کار و خزمەتیشى ڕاوێژکارى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بوو، کە هەرگیز درێغی نەكردووە لە بەئەنجام گەیاندنی گشت ئەو ئەركانەى.

لە كۆچی دوایی هەڤاڵ (کەریم شنگالى) بە ناوی مەكتەبی سیاسی و کۆمیتەى ناوەندیى پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرەخۆشی لە جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى و خۆمان و لە خانەوادە و، لە كەسوكار و تێكۆشەران و هاوخەبات و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو و، گشت ئۆرگانەكانی پارتیمان و یەكەیەكەی كادیر و ئەندامانی پارتیمان و خەڵكی كوردستان دەكەین.

ئاسوودەیی بۆ رووحی پاكی دەخوازین و دواکارین لە خوای گەورە هەڤاڵ و سەركردە و سیاستەمەدارى گەلەکەمان (کەریم شنگالى) بخاتە بەر ڕەحمەت و دلۆڤانی خۆی و بە بەھەشتی بەرینی شاد بکات.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی هەڤاڵ و هاوکارى تێكۆشەرمان (کەریم شنگالى)، رێگا و ڕێبازى هەمیشە پڕ رێبوار بێ…

انالله وانا الیه راجعون

مەكتەبی سیاسیى

پارتی دیموكراتی كوردستان