“دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتنامەی جەزائیر، شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی نوێ)”، بە چاودێریی جەنابی سەرۆک بارزانی، بە ئامادەبوونی بەڕێز سیداد بارزانی نوێنەری جەنابی سەرۆک بارزانی، ڕۆژی ٢٦/٥/٢٠٢٥، کە هاوکات بوو لەگەڵ چل و نۆهەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان، لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، بە بەشداری بەرپرسانی حزبی و حکوومی، نێردەی دیپلۆماسی، ئەکادیمیست و شارەزایان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و سەربازی، نووسەر و ڕۆشنبیران و میدیاکاران و قوتابیانی خولی بیستەمی پەیمانگەی پێگەیاندنی کادیران، بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە پێكهاتبوو لە چەندین بڕگەی جیاواز: گوتار، دۆکیۆمێنتاری، پێرفۆرمانسێکی هونەری، سێ پانێڵ کە تێیاندا گەنگەشەی ڕەهەندە مێژوویی و سیاسیی و کەلتووری و ئابوورییەکانی ڕێککەوتننامەی جەزائیر کرا.
لەم دیدارە یەك ڕۆژییەدا، بە تێبینیکردنی گەنگەشەکان و وەرگرتنی بیروبۆچوونی بەشداربووان، ئەم ڕاسپاردانە گەڵاڵەکران:
١. کۆکردنەوەی گەواهی و دۆکیۆمێنتی مێژوویی؛ دەقی ڕێكەوتننامەكە و دووبارە وەرگرتنەوەی ڕای ئەو بەڕێز و كەسایەتییانەی هاوسەردەم و شایەتحاڵی ئەم ڕێککەوتننامەیە بوون و چاپكردنیان لە كتێبێكدا وەك بەڵگەنامەیەكی مێژوویی.
٢. توێژینەوەی زانستی؛ زۆر گرنگە لە ڕێگەی زانکۆکانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، بایەخی پتر بەم ڕێککەوتننامەیە بدرێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستییەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی ماددی و مەعنەوی و پێدانی دۆكیۆمێنت و زانیاری هەموو ئەو هەوڵە زانستییانە بکات، وەکوو، ماستەرنامە و دکتۆرا.
٣. بە جیهانیکردن؛ گرنگە ئەم پرسە بە جیهانی بکرێت لە ڕێگەی کۆڕ، دیدار و کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەوە، تا بەرچاوڕوونی بدەینە ڕای گشتیی جیهان، دیسان ئەوەش لە زهنیەتی هەموواندا بچەسپێت کە ئێمە نەتەوەیەكی زیندووین و ئەو پیلانگێری و گەلەكۆمەكێیانەی لە دژمان ئەنجامدراوە لە مێژوودا هەرگیز لەبیریان ناکەین، هەوڵ دەدەین لەبیر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتیی جیهانیش نەچنەوە.
٤.دابینکردنی دڵنیایی نێودەوڵەتی؛ لە ڕێگەی یاسا و چاودێرکردنی نێودەوڵەتیی و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، ئاگادارکردنەوەی ناوەندە یاساییە جیهانییەکان لەو پێشێلکارییانەی کە دژی کورد و كوردستان كراون و دەکرێن، بۆ ئەوەی هەردەم چاودێر بن بەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستانەوە بە تایبەت لە دادگە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها سوود وەرگرتن لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە فراوانکردنی پاڵپشتییەکانی، هەوێنی ئەم هەنگاوە گرنگەیە.
٥. دیپلۆماسییەتی گشتی؛ کارکردنی بەردەوام لە چوارچێوەی هێزی نەرم، بوارەکانی کەلتووریی و هونەری و میدیا، بە مەبەستی زیندووهێشتنەوەی وانە مێژووییەکان و ئەو ڕووداو و گەلەکۆمەکێیانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون.
٦. ڕۆشنبیری و هۆشیاریی؛ پێویستە لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندیی و میدیا و ناوەندەکانی خوێندنەوە، دەق و تەواوی ڕەهەندەکانی ڕیککەوتننامەی جەزائیر ڕوونبکرێنەوە بۆ گشت خەڵکی کوردستان، تا نەوەكانی كوردستان هۆشیاری تەواویان لە هەمبەر ئەم گەلەکۆمەکییە هەبێت کە لە مێژوودا دژی نەتەوەکەمان ئەنجامدراوە.
٧. یەکڕیزیی نێوماڵی کورد؛ بنەمای هەرە سەرەكی ڕێگەگرتن و سەرنەگرتنی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕێكەوتن و پیلانانە، بریتییە لە پاراستنی نێوماڵی کورد و یەکڕیزی گەلی کوردستان. تاوەکوو، نەیارانی کورد و كوردستان نەتوانن كەلێن بدۆزنەوە و سوود لە پەرتەوازەیی کورد وەرگرن.
٨. بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان؛ هاوكات لەگەڵ هەوڵدان بۆ چارەسەری گرفتەكان لەگەڵ بەغدا، پێویستە كوردستان بەردەوام لە خۆبەهێزكردندا بێت، هەروەها پلانەكانی سەربەخۆیی ئابووری بەردەوام بن، وەک بەهێزترکردنی کەرتەکانی: كشتووكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاری.
٩. بەرژەوەندی نەک هاوسۆزی؛ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستهەڵگرتنی زلهێزەکان لە پاڵپشتی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان ئەوەبووە کە پتر هەوڵمانداوە خۆمان وەک قوربانی پیشان بدەین و سۆزی وڵاتان بۆ خۆمان ڕابکێشین، بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام دروست نەبووە، هەر بۆیە پێویستە لەمەودوا زیاتر کار لەسەر ئەوە بکەین لە ڕووی ئابووری، سیاسی و جیۆپۆلەتیکیەوە، پەیوەندیی پتەو و درێژخایەن لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای تێگەیشتن و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزرێنین و، خۆ بەدوور بگرین لە گوتاری هاوسۆزی و خۆنیشاندان وەک قوربانی.
“دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتنامەی جەزائیر”
لیژنەی ڕاسپاردەکان
٢ی حوزەیرانی٢٠٢٥