ڕائیب جادر – هەولێر
٤٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە ڕێکەوتی ٩ی ٦ی ١٩٨٥ لە شەڕی عێراق و ئێران، ٨ فڕۆکەی جەنگیی عێراق ئۆردوگای زێوەیان لە نزیک ورمێ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆردومان کرد، بەو ھۆیەوە ١٥٠ ھاووڵاتی سڤیل شەھید و ٣٧٣ ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون. کەسوکاری شەھید و بریندارەکان داواکاریان ھەیە.
بەھۆی ھەڵوێستی نەگۆڕی کوردایەتی و کۆڵنەدان و داکۆکیکردن لە مافەڕەواکانی، گەلی کورد ڕووبەرووی چەندین تاوانی دڕندانە و تیرۆر و کۆمەڵکوژی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بووەتەوە، بەڵام ئەو تاوان و داگیرکاریانە نەیانتوانیوە ئیرادەی پۆڵاینی گەلی کورد لاواز بکەن، یەکێک لەو تاوان و جینۆساید و کارەساتانەش لە ٩/٦/١٩٨٥ ھەشت فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی لەناوچووی بەعس ئۆردوگای پەنابەرانی کوردیان لە زێوە بۆردومان کرد، ڕژێمی بەعس لەو ھێرشە ئاسمانییەدا بۆمبی قەدەغەکراوی ناپاڵمی لە دژی ئەو ھاووڵاتییە مەدەنییانە بەکارھێنا، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٥٠ ھاووڵاتی بێتاوان شەھید بوون و ٣٧٣ ھاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون، سەدان خانووی ئۆردوگاکەش لەگەڵ زەوی تەخت بوون.
دوای بۆردومانەکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی لە شوێنەکە ئامادەبوون و ھاوکاری کەس و کاری شەھیدانیان دەکرد و یەکە یەکەی بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەرکردەوە.
سەرۆک بارزانی، لە لاپەڕەی ٢٨٤ تا ٢٩٠ی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)دا بەوردی باسی لەو بۆردومانە کردووە و دەنووسێت: ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥، ڕۆژێکی ڕەش بوو لە مێژووی گەلەکەماندا و یەکێکە لەو ڕۆژانەی ھەرگیز لە یاددا ناسڕێتەوە، لەو ڕۆژەدا ڕژێمی بەعس بە بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە، دڕندەترین ھێرش و گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێچەوانەی ھەموو ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد، کارەساتی زێوە خاڵێکی ڕەشی دیکەیە لە مێژووی تاوانبارانی بەعسدا، کاتژمێر ٩:١١ خولەکی بەیانی، چەندین فڕۆکەی دەسەڵاتدارە فاشیستەکانی بەعس، ئۆردوگای زێوەیان کردە ئامانجی بۆمبەکانیان و لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەیان کەس لە منداڵ و ئافرەت و پیر و پەککەوتەیان خەڵتانی خوێن کرد.
سەرۆک بارزانی، وەکو ئەوەی لە کتێبەکەیدا باسی دەکات، لەگەڵ بیستنی ھەواڵی بۆردومانی زێوە، سەردانی ئەوێ دەکات و دەڵێت: مەرگ باڵی بەسەر ئۆردوگاکەدا کێشابوو و کەم کەس توانای بینین و خۆڕاگرتنی لە ئاست تراژیدیاکەدا ھەبوو.
ئەو کارەساتە زۆر کاریگەریی لەسەر سەرۆک بەجێ ھێشتووە، بۆیە بە فراوانی باسی دەکات و بینیویەتی کە دەیان ئافرەت و پیر و منداڵ شەھید بوون و سەر و دەست و قاچیان تێک ئاڵابوو، دەنووسێت: تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە کە خۆی لە گۆڕستان بووە، ٨٩ کەسیان ھێناوە و شاردوویانەتەوە و ١٦٠ کەسی تر، بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراون.
سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو کەسانەی لەوێ شەھید و بریندار بوون، بە قارەمان وەسف دەکات، بەڵام وەک بەسەرھاتێکی جیاواز باس لە ئامینە خان دەکات (ھاوسەری شەھید ناجی بەگ بیرۆخی و دایکی چوار شەھید و خوشکی سێ برای شەھید) و دەڵێت، بەلای ئەوەوە چیرۆکی ئەو ئافرەتە قارەمانە شتێکی جیاواز بووە و ھەرگیز لە بیرەوەرییەکانیدا ناسڕێتەوە و بۆ تاھەتایە لە یادەوەرییدا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە ئامینە خان، سەرۆک بارزانی دەنووسێت: ”ئەو شێرەژنە خۆڕاگرە پارچە گۆشتی دوو کوڕ و نەوەیەکی لە کیسەیەکدا کۆ کردبووەوە، کاتێک چاوم پێی کەوت، خۆم پێ نەگیرا، کەچی ھاتە لام و باوەشی پێدا کردم و گوتی (نامەوێت بە چاوی گریانەوە بتبینم، ھەموویان بە قوربانت بن، دوو کوڕم ماون، ئەوانیش بە قوربانی کوردستان بن).
سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا سوپاسی ھەڵوێستی خەڵکی گوندەکانی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەکات، چونکە لە ساتی یەکەمی بۆردومانەکەدا، بە جارێک ڕژاونەتە ئۆردوگا و درێخیان نەکردووە لە ھەموو جۆرە ھاوکارییەک و دەرگایان بەڕووی خەڵکی لێقەوماودا کردووەتەوە و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین کردوون.
سەرۆک بارزانی، لەبارەی بۆردومانی زێوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە: “ئەو ڕۆژەی کارەساتی زێوە ڕوویدا یەکسەر گەیشتمە شوێنی ڕووداوەکە، ھیچ ڕۆژێک لەسەرم دەرباز نابێت ئەو دیمەنانە نەیەنەوە بەرچاوم کە بینیم، منداڵم بینی لاشەی بووەتە دوولەت، منداڵ ھەبوو سەری ببووە دوو لەت بۆردومانی زێوە کارەساتێک بوو وەسف ناکرێت.
لەو ڕۆژە خوێناوییەدا سەرۆک بارزانی بەڵێنی داوە کە تۆڵەی خوێنی ئەو شەھید و بێتاوانانە لە ڕژێمە دژەمرۆڤایەتییەکەی بەعس بکەنەوە و بەردەوام بن لەسەر خەبات و تێکۆشان تا ڕزگاریی گەلی کوردستان.
کۆچەر غەفوور، کە دایک و دوو برا و خوشکێکی لەو بۆردومانەدا شەھید بوون و خۆش و خوشکێکی دیکە برینداری بۆردومانەکەن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تەمەنم بچووک بوو، لەگەڵ براکەم دەچووین بۆ وەرگرتنەوەی کارتی سەری ساڵ، کاتێک فڕۆکەکان زێوەیان بۆردومانکرد کەس ئاگای لە کەس نەما، من بریندار بووم لە ھەمان کاتیشدا خوشکێکی دیکەشم بریندار بوو، لەگەڵ ئەوەی دایک و دوو برا و خوشکێکی دیکەشم شەھید بوون.
ئەو بریندارە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان و بریندارەکان بکاتەوە، کە ھێشتا ھەندێک کەس لەبەر برینی خۆیان دەناڵێنن و پێویستیان بە یارمەتی ھەیە، پێنج ساچمە لەناو سەری من دانە، ھەروەھا یارمەتی کەسوکاری شەھیدان بدەن بۆ سەردانیکردنی گۆرستانی شەھیدان، کە گۆڕەکەیان لە ئۆردوگای زێوەیە، مینۆمێنتێکیش بۆ کارەساتی زێوە دروست بکەن و ئەو کارەساتە بە جینۆساید بناسێنن.
ئەو ئافرەتە باسی ھەڵوێستی خەڵکی گوندەکانی مەرگەوەر دەکات و دەڵێ: خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری زێوە ھەڵوێستێکی جوانیان نواند بەرامبەر ئێمە و زۆر ھاوکاری ئێمەیان کرد، چ لە کاتی ڕەوانەکردنی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە چ لە کاتی بە خاکسپاردنی شەھیدەکان، لەو کاتەدا ئیدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک بارزانی لە شوێنی بۆردومانەکە ئامادەبوون و ھاوکاری کەسوکاری شەھیدانیان دەکرد و یەکە یەکە بریندارەکانیان لە نەخۆشخانە بەسەردەکردەوە، باوکیشم بە سەرۆک بارزانی گوت، خێزان و سێ منداڵم شەھید بوونە، ئەگەر خۆم و ھەموو منداڵەکانی دیکەش شەھید بین، بەس ئێوە بۆمان بمێنن ھیچمان ناوێت.
زەینەب محەممەد، ئافرەتێکی دیکەیە بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، لە ٩/٦/١٩٨٥ ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕەمەزان بوو، ئەوەی توخمی نێرینە بوو ھەموویان پێشمەرگە بوون و لە ماڵ نەبوون، بە چاوی خۆم بینی کە ٨ فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعس ئۆردوگای زێوەیان بۆردومان کرد، باش بوو ھەموویان نەتەقین، ئەگەرنا ژمارەی شەھید و برینداران بۆ دوو ھێندە زیاد دەبوون، پاش ئەوە کەس ئاگای لە کەس نەما و ڕۆژێکی زۆر ناخۆش بوو و ئەو ڕۆژە ھیچ کات لە بیر ناکرێت، تەرمی شەھید و بریندارەکان ھەموو تێکەڵاوی یەکتر ببوون، پاشان بە ھاوکاری دانیشتووانی ئۆردوگای زێوە توانیومان بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە و شەھیدەکانیش بۆ گۆرستانی مەلا باسەک بگوازینەوە و لەوێ بە خاک بسپێرین.
لە دوای تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا، تائێستا بەشێک لە بریندارانی ئەو کارەساتە پێویستیان بە چارەسەر کردن ھەیە، لە ھەمووی گرنگتر پێویستە ھەوڵی جددی بدرێت، شەھیدانی ئۆردوگای زێوە و کارەساتەکانی دیکە بە جینوساید بناسێندرێن. بەرپرسانی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش، دەڵێن: پێویستە حکوومەتی عێراق دان بەو کارەساتە بنێت و بە جینۆساید بناسێندرێت.