ئەمڕۆ یازدە ساڵ بەسەر داگیرکردنی مووسڵدا تێدەپەرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سێشەممە دەی ‌حوزەیرانی ٢٠٢٥، رێک یازدە ساڵ بەسەر ڕووداوێکی کارەساتباردا تێدەپەرێت کە بۆ ماوەیەک تەواوی وڵاتانی ناوچە و جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و قوربانییەکی زۆری لێ کەوتەوە، تا ئەم ساتە حکوومەتی عێراق لە هۆکاری سەرهەڵدانی ریکخراوەکە و کەوتنی مووسڵ تێنەگەیشتووە و لە سیاسەتی سڕینەوە و حاشاکردن بەردەوامە، داعش رووخا بەڵام ئەو ژینگەیەی داعشی خوڵقاند هەر وەک خۆی ماوەتەوە و حکوومەتی عیراق وانەی لی وەرنەگرتووە.

شەوی نۆ لەسەردەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق کۆنترۆڵ بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت ڕابگەیەنن و دژەمرۆڤانەترین یاساکان جێبەجێ بکەن. ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی ئەو شەوە هێرشیان کردە سەر مووسڵ چەند سەد کەسێک دەبوون کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ وسەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان و بنکەکانی سەربازیی حکوومەتی عێراقیان کۆنترۆڵ کرد.
دواتر ڕووداوەکە وێڕای لێکەوتنەوەی زۆرترین قوربانی مرۆیی، هەموو وڵاتانیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆی و خاکی عێراق و سووریا بووە مەیدانی نمایشی دڕندانەترین مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی.
کەشی سیاسیی ئەوکاتی عێراق پێش سەرهەڵدانی داعش کەشێکی دوژمنکارانە بوو و حکوومەتی عێراق بە هەموو هەوڵێکەوە هەوڵی سڕینەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دەدا و بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەیویست خۆی بەسەر یاسا و ماف و پڕەنسیپەکاندا بسەپێنێت.
کێشە و ناکۆکیی پەنگخواردووی ناوخۆیی و تایەفییەکانی عێراق و پێشێلکردنی مافی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لە لایەن پێکهاتەی زۆرینە کە بۆ ماوەی دە ساڵ بوو باڵی بەسەر عێراقدا کێشابوو هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی بەشێک لە سوننە یاخیبووەکان و تەنانەت خەڵکی ئاسایی پێکهاتەی سوننە پێشوازی لە تیرۆریستانی داعش بکەن. حوکمی مووسڵ لە شەوێکدا گۆڕا و لە جیاتی سوپای عێراق تیرۆریستانی داعش بە شەقامەکانی شارەکەدا بڵاو بوونەوە و ئەبووبەکر بەغدادی لە مووسڵەوە خەلافەتەکەی خۆی ڕاگەیاند.
سوپای ئەوکاتی عێراق کە خاوەنی پێشکەوتوترین چەک بوو و بە ملیاران دۆلار بۆ پۆشتەکردنی خەرج کرابوو نەیتوانی دوو سەعات بەرگری لە شارەکە بکات و هەرچی جبەخانە هەیە ڕادەستی تیرۆریستانی داعشی کرد.
ئەو کات سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و ئەوەی بیر بەغدا هێنایەوە کە دەمێکە پێیان دەڵێن دۆخەکە نالەبارە و مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق لەئارادایە بەڵام گوێیان بەو قسانە نەدا تا دواجار عێراق تووشی کارەساتێکی مرۆیی بوو داگیرکردنی مووسڵ سەرەتایەک بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو هەمووە تاوانەی لە زیاتر لە سێ ساڵی دەسەڵاتی داعش لە عێراق و نزیکەی پێنج ساڵ دەسەڵاتی ڕێکخراوەکە لە سووریا تووشی مرۆڤایەتی بوو.
سێ مانگ دوای داگیرکرانی مووسڵ بوو کە تیرۆریستانی داعش گەورەترین تاوانیی جینۆسایدیان دژی ئێزدییەکان ئەنجام دا و هەزاران کەسیان لێ کوشتن و بە هەزارانی تریان دەستبەسەرکرد و بە سەدان هەزار کەسیان ئاوارە کرد. دوای ئەو ماوە دریژە هێشتا ژیانی خەڵک ئاسایی نەبووەتەوە و زۆربەی ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و ‌حاڵی خۆیان.
رووخانی مووسڵ تەنیا زیانی گیانی نەبوو بەڵکو بووە سەرەتای وێرانبوونی بەشێک لە شارستانییەت و کولتور و شوێنەواری ناوچەکە. مووسڵ بە گشتی و دەشتی نەینەوا بە تایبەتی کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە خەڵكی جیا و ئاین و مەزهەب و نەتەوەی جیاوازیان تێدا ژیاوە ئیتر ئەو پێکەوەژیانە نەما و هەموو هەنگاوەکان بۆ زاڵبوونی لایەنێکی توندئاژۆ بوو.
ئێزدییەکان کە زۆرلێکراوترین نەتەوە و پێکهاتەی ناوچەکە بوون هێشتا بە هەزارانیان بێ سەروشوێنن و نەیانتوانیوە بۆ شوێنی سەرەکی ژیانیان بگەڕێنەوە و وەک جاران شوێنە پیرۆزەکانیان ئاوەدان بکەنەوە. جگە لە ئێزدییەکان کریستیانەکانیش لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین و ژمارەیەکی زۆریان لێ ئاوارە بووە کە هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پێشمەرگە کە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریی لە ڕزگارکردنی شنگال و مووسڵ و ناوچەکانی تردا هەبوو ئەمڕۆ لە جیاتی پاداشت و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانیان پێدانی مووچەکانیان هاوشیوەی فەرمانبەرانی تری کوردستان لە لایەن بەغداوە راگیراوە و تەنانەت جەژنی قوربانیان بە بێ مووچە بەڕێ کرد کە دەبوایە مووچەی مانگی ئایاریان بۆ دابین کرابا.
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکرێتەوە کە هێشتا خەسارناسی بۆ کارەساتەکە نەکراوە و کەم نین ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەی بە هەمان ئاوازی ڕابردوو دژایەتی مافی پێکهاتەیەکی سەرەکیی وەکوو کورد دەکەن و دەخوازن قەوارەکەی لەناو ببەن، لە کاتێکدا پێویست بوو کار بۆ بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە بکرێت کە دامەزراندنی داعش و نەهامەتییەکانی دواتری بەدواوە بوو، دەبوایە کار بۆ نەمانی گەندەڵی بکرێ و پشتی ئەو هێزانە قایم بکرێ کە پشتی داعشیان لە زەوی دا.