زیاتر لە دە ساڵە بژێوی خەڵکی کوردستان وەک چەکێک لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ بەدەستهێنانی مەرامی سیاسی بەکارهێنراوە

کاردانەوەکانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دژی بڕینی مووچە و شایستەکانی خەڵکی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە بەردەوامە و پێدەچێت هەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوە بن ئەم بابەتە بکرێتە بابەتی نێودەوڵەتی.

لەو بارەیەوە، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا دەڵێت؛ هەرێمی كوردستان پەیوەندیی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و كۆمكاری عه‌ره‌بی و وڵاتانی جیهان، ئەگەری زۆری هەیە له‌ دوای جه‌ژن پرسی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان بەنێودەوڵەتیی بكەین.
ئەمە جگە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی حزبەکەی پەیامی خۆی بە ڕوونی داوەتە بەغدا و کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەوبارەیەوە بەڕێوە چوو.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە (ECOSOC)، ساڵانە بەشداری کۆڕ و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و ڕەوشی مرۆیی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە جنێف و نیویۆرک و ڤیەننا دەکات، لە هەمان کاتیشدا، دەزگا وەکو چاودێرێک و ئەندامی ئیکۆسۆک مافی بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت و سکاڵای هەیە لەسەر ڕەوشی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەندامێتی لە ئیکۆسۆک، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لە بارەی بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەباتە نەتەوە یەکگرتووەکان.

پوختەی راپۆرتەکەی دەزگای خێرخوازی بارزانی:

راپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کاریگەریی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەسەر رەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دامەزراوەیەکی مرۆییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کار دەکات، نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هۆشداریش دەداتە رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ڕەوشی مرۆیی، کە ئەو کارەی حکوومەتی عێراق لە دژی فەرمانبەران کردوویەتی، ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی پرسی مووچەیە وەکو کارتێکی سیاسی.
دواکەوتن و بڕینی مووچە، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو خێزانێکی هەرێم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەویش بەهۆی بڕیاری بڕین و ڕاگرتنی مووچەی کارمەندانی خزمەتگوزاری شارستانی و خانەنشین و کارمەندانی کەرتی حکوومی بەگشتی، کە زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پێیانوایە پاساوی ئەم بڕیارە، پاڵنەری سیاسی هەیە.
لە کاتێکدا روونە کە ناکۆکی یاسایی و دەستووری بەردەوام لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و زۆرێک لە ماددەکانی دەستووری عێراق، کە عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، جێبەجێ نەکراون، زیاتر لە دە ساڵە بژێوی ژیانی خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان وەک چەکێک لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ بەدەستهێنانی خاڵە سیاسییەکان بەکارهێنراوە. ئەم شەڕە دەروونییە لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی، زۆرێک لە منداڵانی لە هەژاریدا بەجێهێشتووە، دۆخێکی دروستکردووە کە خێزانەکان توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەیان لەدەستداوە.
لە کۆتایی ساڵی 2013ـەوە بودجە و مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە زۆرترین گرفتی بۆ دروستکراوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی فیدڕاڵ هیچ دواکەوتنێکیان لە بابەتی دارایی و بڕینی مووچە نییە، بەڵام بەداخەوە هێشتا هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئاسایی. بۆ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نا دڵنیایی مووچە نیگەرانییەکی بەرچاوی دروستکردووە، هەروەها بڕینی بودجە یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕەشبینی و بێهیوایی لەنێو خەڵکدا، بۆ زۆرێک لەو خێزانانەی کە ئافرەتان سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزان بەدەست دەهێنن، دۆخەکە لەوە سەختترە کە بیری لێدەکرێتەوە، دڵەڕاوکێ کێشەیەکی تەندروستی باوە لەنێو هاووڵاتیانی بەتەمەن، بەهۆی نەبوونی ئاسایشی دارایی و مامەڵەی خراپ لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دۆخی دەروونیان لە ئاستێکی مەترسی دایە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانی بودجە و مووچە وەکو چەکێک لە دژی فەرمانبەران و هاووڵاتیان، هەروەها نابێت خەڵکی ئاسایی بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پابەند بکرێن بە سازشکردن لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان.
هاوکات داوا له به غدا دەکات، مافی هەموو منداڵێک له هەموو ناوچەکانی عێراق وەکو یەک له بەرچاو بگرێت و دۆخێک دروست نەکات که داهاتووی منداڵان بەرەو تاریکی و نائومێدی بڕوات.