بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی قوربان، لە سنووری پارێزگاکەمان بەوشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ گەشتوگوزار:
بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، پلانی گەشتوگوزار، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە رۆژانی جەژنیش ژمارەی ئەو گەشیارانەی سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە ( 89 هەزار و 301 ) گەشتیار.
دووەم/ قائیمقامیەتی ناوەندی:-
لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێری کردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لەلایەن لیژنەکانی سەر بە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە هۆی پابەند نەبوون و ڕەچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتنەوەی ئاژەڵ لە دەرەوەی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، ( 15 ) قەساب دەستگیر کراون، ( 27 ) شوێنی جۆراوجۆری خۆراک و گۆشت فرۆشی داخراون، ( 4 ) ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دانرابوون، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 42 ) تاوان تۆمارکراوە، ( 41 ) تاوان ئاشکراکراوە، ( 1 ) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
پێنجەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 17 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 9 ) کەس بریندار و ( 1 ) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
شەشەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا ( 16 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جیاجیا ڕوویانداوە، جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
حەوتەم/ تەندروستى:
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 6 هەزار 575 ) نەخۆش بووە، ( 305 ) حاڵەت و ڕووداوى جۆراو جۆر چارەسەری بۆکراوە، ( 71 ) منداڵ لەدایک بووە ( 40 کچ ) (31 کوڕ)، ( 81 )نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە و ( 383 ) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە هەبووە.
هەشتەم/ شارەوانی:-
تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن ئاماری چوار ڕۆژی جەژنی قوربان لە سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی، بەمشێوەیە بووە، داخستنی( 4 ) دووكانی گۆشت فڕۆشتن لە گوندی گردە ڕەشە، بە هەماهەنگی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتی بەرگری كردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون
و دەست بەسەر داگرتنی ( 22 ) سەر مەڕ و دەست بەسەر داگرتنی ( 2 )پیكاب، ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی ( 2 )زێدەڕۆی، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ژینگە پارێزی، فڕێدانی پاشماوەی ( 1124 تۆن ) ئاژەڵی قوربانی، ( 108 هەزار گەشتیار )سەردانی پارك و باخچەكانی كردوە و ( 30 هەزار ) گەشتیاریش سەردانی پاڕكی سامی عەبدولڕەحمانی كردووە.
نۆیەم/ گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر:-
لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربان تەنها لە ڕۆژانى جەژن (1 هەزار و 461 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى، کە ( 270 ) یان ئاژەڵى گەورە و ( 1 هەزار و 191 )شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.
وێڕای دەستخۆشی لەسەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەداین و بەهەموو توانایەکەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی تەندروستی و گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.
نووسینگەی پارێزگای هەولێر
2025.6.9