رۆژنامەی ھەولێر

بەهۆی ناکۆکی نێوان ترەمپ و ماسک، تێسلا 150 ملیار دۆلاری لەدەست دا

ئەوەی وەک ناکۆکییەکی کورتی سیاسی دەستی پێکرد، پەرەی سەندووە و بووەتە ناکۆکییەکی گشتیی تەواو لە نێوان ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و به‌هۆیه‌وه‌ تێسلا له‌ یه‌ك ڕۆژدا زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری بەهای بازاڕی له‌ده‌ست دا.
شەڕه‌لێدوانى نێوان تره‌مپ و ماسك دوێنێ (پێنجشەممە 5ى 6ى 2025) ده‌ستى پێكرد و بووە هۆی دابەزینی پشکەکانی تێسلا بە ڕێژەی زیاتر لە 16%.
شارەزایانی بازاڕ ترسیان لەوە هەیە کە سیاسەتە ئەگەرییەکانی ترەمپ، پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر لە ئەمریکا خاو بکاتەوە، ئەمەش ئەگەری هەیە زیان بە داهاتووی تێسلا بگەیەنێت.
ماسک بە ئاشکرا پڕۆژە یاسای باج و خەرجییە بەرفراوانەکەی ترەمپی ناسراو بە “پڕۆژە یاسای گەورە و جوان” بە “کارێکی قێزەون” وەسف کرد. ترەمپ هەر زوو بە تووڕەییەوە وەڵامی دایەوە و ماسکی بە “شێت” ناوبرد و بە ئاشکرا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە گرنگەکانی فیدراڵی و یارمەتییەکان کرد کە تێسلا و سپەیس ئێکس سوودیان لێ وەرگرتبوو.
میدیاکانی ئەمریکا بەهای گرێبەستەکانیان بە 18 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە حکوومییەکان
لە بەرامبەردا ماسک وتی کۆمپانیاکەى (سپەیس ئێکس) دەست دەکات بە كشانه‌وه‌ى کەشتییە ئاسمانییەکەی دراگۆن، کە زۆر گرنگە بۆ گواستنەوەی کەشتیوانی ئاسمانی ناسا بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی.
ماسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی “لەبەر ڕۆشنایی لێدوانەکەی سەرۆک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە حکوومییەکانم، کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەستبەجێ دەست بە كشانه‌وه‌ى کەشتی ئاسمانی دراگۆن دەکات”.
بەڵام بەکارهێنەرێکی ئێکس کە تەنها 200 فۆڵۆوەری هەبوو وەڵامی پۆستەکەی ماسکی سەبارەت بە دراگۆن دایەوە و وتی “بەداخەوە بۆ ئەم شه‌ڕه‌لێدوانه‌، تۆ لەوه‌ باشتریت. هەنگاوێک بەرەو دواوە بچن و بۆ چەند ڕۆژێک ئارام بن”. ماسک وەڵامی ئەم کۆمێنتەی دایەوە و گوتی “ئامۆژگارییەکی باشە. باشە ئێمە دراگۆن لە خزمەتكردن ناكشێنینه‌وه‌.”
ئەمە تاکە ئاماژە نەبوو. هەروەها ملیاردێر بیل ئاکمان، هاوپەیمانیی هاوبەشی هەردوولا ترەمپ و ماسک، پۆستێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە هەردوولا “قەرەبووی چاکەی وڵاتە گەورەکەمان بکەنەوە”. مەسک وەڵامی دایەوە و گوتی: تۆ ڕاست دەکەیت.