لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداریی سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقن کە چەندین ساڵ بوو خەڵکی عێراقی سەرکووت دەکرد و دەیچەوساندنەوە، لەو پێناوەشدا شەهید و برینداری بەخشی، دوای ئەوەش بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەستوورەکەی، سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی کاریگەرییان بینی لەپێناو بونیاتنانی عێراقێکی نوێ کە مافی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە و ئایینەکانی تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەنە کارمان کرد و هەموو هەوڵێکمان لەپێناو یەکڕیزی و یەکسانی و دادپەروەری بوو کە پرەنسیپەکانی(تەوازن و تەوافوق و شەراکەت) تێیدا پارێزراو بن، بەڵام ئەو خواستانەی کورد بۆ عێراقێکی نوێ کە مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەهاتە دی بەهۆی فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی.
لە ساڵی 2014 بەدواوە، حکوومەتی عێراقی بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، هەر بەوەندەش نەوەستا، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی وەستاند، ئامانج لەو ڕەفتارانەی حکوومەتی عێراقی تەنها وەستاندنی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوون کە وای کردبوو کوردستان جیا بێت لە هەموو ناوچەکانی عێراق لە ڕووی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانییەوە، کە هێرشی تانک و زریپۆشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ئامانجەکانی نەپێکا، بۆیە ناچاربوون لە بێ دەسەڵاتی دەست بۆ قوتی خەڵک ببەن لە کاتێکدا پێشێلکردنی ڕوونی دەستوورە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوتا لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێداگر دەبین لە دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
دەمانەوێت ئەوە بە ڕای گشتی کوردستان بڵێین:” سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بوودجەدا، دەسەڵاتی زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی هەیە بۆ پرکردنەوەی کورتهێنان لە پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و پێداویستییەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی کەلوپەلی خۆراک، بۆیە دەیتوانی لە بەرە جەژندا مووچەی خەڵکی لەو پارەیە بنێرێت تا دوای جەژن کێشەکان چارە دەکرێن، سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی لەپێناو خەڵکی کوردستان بەکار نەهێنا.
ئەوەی دەمانەوێت لێرە دووپاتی بکەینەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە لە هەرێمی کوردستان، پێویستمان بە یەکدەنگی و هێزی هەمووان هەیە لە بەغدا، پێویستمان بەوە هەیە هێزەکانی کورد یەکبخرێت بەڵکو بتوانین کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر بەغدا دروست بکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بوودجە پێی دراوە، دەتوانێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان چارە بکات و کۆتایی پێ بێنێت.
جارێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە، بەتەواوی ڕێکارە دەستووری و یاسایی و دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و بنبڕکردنی.
د.ڤیان سەبری
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق