جوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا: دەسەڵاتدارانی بەغدا پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەی شکستی خۆیان دەزانن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شرۆڤەکار و یاساناسان، دەڵێن: ئەوەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان دەیکات سیاسییە و لە ھەمانکاتدا دژ بە بڕیاری دادگەی فیدراڵییە، چونکە بێبەشکردنی مووچەخۆران لە مووچە پێچەوانەی دەستووری عێراقە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، پێویستە بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لە ئاستی ھەرێم بە حکوومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسییەکان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و کوتلە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکەوە بە سیاسەتی ھاوبەش ڕووبەڕووی سیاسەتی یاریکردن بە قووتی مووچەخۆران ببنەوە و بەکارھێنانی وەکو کارتێکی سیاسی کۆتایی پێ بھێنرێت. پەرلەمانتارێکیش، دەڵێت: دەسەڵاتدارانی بەغدا پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان بە بەڵگەی شکستی خۆیان دەزانن.

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو و ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە بواری دارایی و نەوت و بودجەدا چەندان ڕێککەوتن کراون، بەڵام بەھۆی کێشەی سیاسی و ململانێکانەوە، بەغدا بەردەوام خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان دزیوەتەوە.
لە دەوڵەتانی فیدراڵیدا بۆ پرسی دابەشکردنی سامان و دارایی، پشت بە دەستوور، یاسا، ڕێسا و پێوەری ھاوبەش دەبەسترێت، لە ‌عێراقدا ٢٠ ساڵە داڕشتنی بنەما یاسایی و دامەزراوەییەکانی فیدراڵیەتی دارایی و بواری دابەشکردنی سامان، داھات و دەسەڵات فەرامۆش دەکرێن، لە ‌کاتی کێشە و گرفتەکاندا پەنا دەبرێنەوە بەر ڕێککەوتنی کورتمەودا، لەوێشەوە پەیوەندیە داراییەکان دەخرێنە ژێر ڕەحمەتی ھەڵوێست و میزاجی سیاسیی دەسەڵاتدارانەوە.
ھەرچی ئەو ڕێککەوتنانەی لە ‌نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراون، بە‌ھۆی سیاسی و دۆزینەوەی بیانووی نایاسایی و نا دەستووریی جێبەجێ نەکراون و تەمەنیان درێژ نەبووە، لەبەر ئەوەی گرەنتی جێبەجێکردنیان نەبووە، ئیدی بەردەوام کێشەیان بۆ دەبینرێتەوە. گرنگترین ڕێککەوتنەکانی ھەولێر و بەغدا، ڕێککەوتنی نەوت و بودجەی ساڵی ٢٠٠٥ بوو، کە پشکی ھەرێمی کوردستان لە ‌بودجەی فیدراڵی بۆ ١٧% جێگیر کرا، بەڵام بەغدا زۆر لەوە کەمتری بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرد.
لە ساڵانی ٢٠١٠، ٢٠١١ و ٢٠١٢، چوار ڕێککەوتن لەبارەی نەوت و بودجە ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوو بڕێکی نەوتەکەی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات،‌ بەو مەرجەی بەغدا شایستەی کۆمپانیاکانی و نزیکەی چوار ترلیۆن دیناری شایستەی ھەرێمی کوردستان بدات، بەڵام بەغدا تەنیا ٧٥٠ ملیار دیناری تەرخان کردبوو.
پاشان، لە ساڵی ٢٠١٤ـە‌وە بەغدا پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، لە کاتێکدا بە‌گوێرەی یاسای بودجەی ٢٠١٤، پێویست بوو لە خەرجی ڕاستەقینە ئینفاقی فیعلی، پشکی ھەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە ‌ساڵی ٢٠١٤ ھەرێمی کوردستان ئامادەبوو ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، عێراقیش مانگانە نزیکەی ترلیۆنێک و٣٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە ‌بەرانبەردا بەغدا تەنیا ٤٨٨ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دیناری دەنارد.
لە ‌ساڵی ٢٠١٩،‌ ھەرێمی کوردستان ئامادەبوو ڕۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەرانبەر بە پشکی ١٢.٦٧% ی بودجەی عێراق ڕادەست بکات، بەڵام بەغدا لە جیاتی ترلیۆنێک و ٧٠ ملیار دیناری مانگانە، تەنیا ٤٥٣ ملیاری دەنارد. کۆتا ڕێککەوتنیش لە نیسانی ٢٠٢٣ بە چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و داھاتەکەی لە ھەژمارێکی بانکی تایبەتدا ھەڵدەگیرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام ئەم ڕێککەوتنەش وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و کێشەی سیاسیی بۆ دروست کرا.
یاساناس، سەروان جادر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، پرسی مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکات و ئەو پێشێلکارییانە ڕاگرێت و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێن و چیتر مووچە، وەکو کارتێکی سیاسی بەکارنەھێنرێت لە دژی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان سیاسییە و زوڵمە لێیان دەکرێت، زوڵمێکە ھیچی کەمتر نییە لەوەی ڕژێمی بەعس دژی کورد دەیکرد.
ئەو یاساناسە، دەشڵێ: حکوومەتی عێراق ٥٥ ماددەی دەستووری کە پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە پێشێڵی کردووە و بەھیچ شێوەیەک ئامادە نییە وەک ھەرێمێکی فیدراڵ مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات، دەستوور لە ھەموو بوارەکان پێشێل کراوە و ئەوەی سیاسییەکانی عێراق دەیکەن، ڕاستەخۆ کاریگەری لەسەر تەواوی ھاووڵاتییانی عێراق دەبێت.
تەھا مەحموود، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەوان شەرم لەخۆیان دەکەن کاتێک دەبینن ئەو ھەموو پێشکەوتنە لە ھەرێمی کوردستان بەدەستھاتوون، پێشکەوتنەکانی کوردستان شکستی عێراقی دەرخست و نیشاندا، ھەموو پارێزگا و ناوچەکانی عێراق دەخوازن وەکو ھەرێمی کوردستان بن.
ئەو شرۆڤەکارە، ئاشکراشی کرد: کێشەی مووچە، لە حکوومەتێکەوە بۆ حکوومەتێکی دیکە دەگوازرێتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینەی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو کێشەیە پێویستە بە دەستوور چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بەرگی فیدراڵییەت بۆ عێراق بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق پێگری بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان ناکات.
تەھا مەحموود، شرۆڤەکاری سیاسی، جەختیشی لەوە کردەوە: پێویستە بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لە ئاستی ھەرێم بە حکوومەت و پەرلەمان و حزبە سیاسییەکان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ و کوتلە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکەوە بە سیاسەتی ھاوبەش ڕووبەڕووی سیاسەتی یاریکردن بە قووتی مووچەخۆران ببنەوە و بەکارھێنانی وەکو کارتێکی سیاسی کۆتایی پێ بھێنرێت.
جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئێمە چەندین ساڵە کێشەمان لەگەڵ نوخبەی سیاسیی عێراق ئەوەیە کە بڕیاری سیاسی لە عێراق دەرناچێت، دەسەڵاتداران خاوەن بڕیاری خۆیان نین، بەڵکو چەند کاراکتەرێکن فەرمان لە وڵاتانی تر وەردەگرن، بۆیە عێراقی دوای ٢٠٠٣ لە ھیچ قۆناغێکدا سەقامگیریی سیاسی بەخۆیەوە نەدیوە و نابینێت، چونکە ستراتیژییەتی عێراقی نوێ خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵاتانی تر دەکات نەک خودی عێراق و خەڵکەکەی.
ئەو پەرلەمانتارە، ڕوونیشی کردووەتەوە: ھەموومان گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە ھێز و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بێ بەڵێنن، نیەتی ڕژدیان نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ئەوان تەنانەت لە کاتی دۆزینەوەی چارەسەریشدا پەنا بۆ دۆزینەوەی کێشەیەکی تر دەبەن و سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان وەک کارتێکی گوشار بۆ بەجێھێنانی پیلانەکانیان بەکاردێنن.
جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دەستەبژێری سیاسیی عێراقیشەوە گوتیشی: نە بڕوایان بە بنەمای ھاوبەشی و ھاوسەنگی ھەیە لە دەسەڵات، نە بڕوایان بە سازان و گفتوگۆ ھەیە، نە پابەندیش بوون بە ھەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراون لە ماوەی ڕابردوودا، لەبەرئەوەی بە عەقڵیەتی مەرکەزی سیاسەت دەکەن و بە عەقڵیەتی شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن.