سێیەمین کۆنفڕانسی “پرسە یاساییە نوێیەکان” دەستی بە کارەکانی کرد

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

رۆژی سێشەممە، ٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی د. هیمداد فەیسەل ئەحمەد، ڕاگری فاکەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن-زانکۆی سۆران، پ. دێڤرال کاپس، ڕاگری سکوڵی یاسای زانکۆی لیدز، سێیەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بە دروشمی “پرسە یاساییە نوێیەکان” لە زانکۆی لیدز، لە شاری لیدزی وڵاتی بەریتانیا، دەستی بە کارەکانی کرد.

لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا، ڤیدیۆگرافێک سەبارەت بە ناساندنی زانکۆی سۆران، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر، د.هیمداد فەیسەل ئەحمەد، ڕاگری فاکەڵتی یاسا، زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن-زانکۆی سۆران، وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا، د. هیمداد، بە ناوی زانکۆی سۆران و لێژنەی ئامادەکاری کۆنفڕانس، بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و سوپاسی زانکۆی لیدز بەکێتی کرد، بۆ میوانداریکردنی کۆنفڕانسەکە، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم کۆنفڕاسە دەرئەنجامی کارکردنی پلانی ستراتیجی زانکۆی سۆرانە، کە ھەوڵی فراوانکردن و دروستکردنی پەیوەندی نوێ دەدات لە گەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستی و ئەکادیمییە نێوەخۆییەکان و نێودەوڵتییەکان. لە کۆتایی وتارەکەیدا، د. هیمداد، بە ناوی زانکۆی سۆران، سوپاسی لێژنەکانی ئامادەکاری و زانستی کرد، بۆ ھەوڵەکانیان لە بەجێگەیاندنی ئەم کۆنفڕانسە.
پاشان، پ. دێڤرال کاپس، ڕاگری سکوڵی یاسای زانکۆی لیدز بەکێت، وتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووانی کۆنفڕانس، سوپاسی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ هەڵبژاردنی زاکۆکەیان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە، دواتر، پوختەیەکی دەربارەی زانکۆی لیدز بەکێتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر، لە چوارچێوەی ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکەدا، سێ پانێڵ بەڕێوەچوون، کە بە گشتی تیشکیان دەخستەسەر پرسە یاساییە نوێیەکان کە وەک کێشەی جیهانی و هەرێمی سەیردەکرێن.
جێی ئاماژەپێدانە، ئەم کۆنفڕاسە، دوو ڕۆژ دەخایەنێت، تێدا ٢٩ توێژینەوەی زانستی پێشکەش دەکرێن. بەشداربووان لە ٧ ووڵاتی جیاواز و ٢٣ زانکۆ و دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەشدارن.
ئەم توێژینەوانەی لەم کۆنفرانسە پێشکەش دەکرێن، دەربارەی بابەتە زیندووەکانی وەک زیره کی دەستکرد و ژینگەو ئاسایشی نەتەوەیی .. ھتد. پێشکه ش دەکرێن.