سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدڕالی و دەستووری عێراقە، داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات چاو بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە.
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بڵاو كردەوە.
پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوەكەدا رایگەیاند: سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی فیدڕالی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاند: ئەم ڕێوشوێنە زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و قەیرانی ئابووری دروست دەكات، هەروەها پێشێلی بڕیارەكانی دادگای فیدڕالی و دەستووری عێراقە كە مافی هەموو هاووڵاتییانی لە سەرجەم پارێزگاكان مسۆگەر كردووە.
پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەش دەكات: داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین چاو بە بڕیارەكەدا بخشێنێتەوە بەتایبەت كە ئێستا نزیكین لە جەژنی قوربانەوە.
جەختیش دەكاتەوە: نابێت بەهیچ شێوەیەك بژێوی و شایستەكانی خەڵك بە بابەتی سیاسی ببەستێرتەوە. هەروەها گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەباشترین رێگە دەزانین بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.