وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: كارەكانی لێژنەی وردبینیكردنی فۆڕمەكانی وەرگرتنی زەوی لە قۆناغی كۆتاییدایە و تاوەكوو ئێستاش 420 هەزار فۆڕم ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگیراوە، دەشڵێت تا 20ی ئەم مانگە پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەكان بەڵگەنامە و فۆڕمەكانیان بهێنن، دوای ئەو وادەیە هیچ فۆڕمێك بۆ پێدانی زەوی وەرناگیرێت.
ڕۆژی سێشەممە 3/6/2025 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نووسراوێكی ئاگاداركردنەوەی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگەكانی حكوومەت كرد و تێیدا ئاگاداریان دەكاتەوە كە ڕێكەوتی 20/6/2025 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕم و تەواوكردنی كەموكوڕییەكان و هێنانی بەڵگەنامە پێویستەكان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە، هیچ فۆڕمێكی دیكە وەرناگیرێت.
لە بەشێكی تری نووسراوەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: دوای بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ ڕێزدار جەنابی سەرۆكوەزیران، بە ژمارەی (242 لە 27-3-2024) تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن لێژنەیەكی وردبینییەوە كاری وەرگرتن و وردبینیكردنی فۆڕمەكانی دەستپێكرد و تاوەكوو ئێستا زیاتر لە (420000) چوارسەد و بیست هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ناوەكانیان وەردبینیان بۆ كراوە و ڕەزامەندیی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەرخانكردنی زەوی تەواو بووە و ئاراستەی شارەوانییە پەیوەندیدارەكان كراوە و ئێستاش لێژنەكە كارەكانی لە قۆناغی كۆتاییدایە.
جێگەی باسە، ماوەی نزیكەی 8 مانگ زیاترە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە وەزارەت و دامودەزگەكان كردووە كە فۆڕم و بەڵگەنامەی فەرمانبەرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی بۆ لێژنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بنێرن، بەڵام تا ئێستا لە ناردنی فۆڕمەكان كەموكوڕی هەیە، بۆیە تا 20ی ئەم مانگە وەكوو دوا وادە بۆ ناردنی بەڵگەنامە و فۆڕەكان دیاریكراوە و دواتر فۆڕم وەرناگیرێت و پرۆسەی وردبینیكردن كۆتایی دێت.