کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیى پشتێنەی سەوزایی ئەنجامدرا

کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیى پشتێنەی سەوزایی ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.6.4، بەسەرپەرشتى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەندى و بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ و سەرۆکى شارەوانى و لایەنى دیکەی پەیوەندیدار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە کارەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیى پشتێنەی سەوزایی هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی شاری ھەولێر کرا، کە لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پێناو کەمککردنەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا، لە ماستەر پلانى شارى هەولێردایە و گرنگیی زۆری هەیە، و لەو پڕۆژەیەدا بڕیارە ملیۆنان دار لە دەورووبەری شارى هەولێر بچێندرێت و لەگەڵیاندا چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاویش دروست دەکرێت و دەبێت بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا.

بۆ ئەو مەبەستەش دواى بەدواداچوون و بەرچاووڕوونى لە بارەى قۆناغەکانى کارکردن لەو پڕۆژەیەدا، کۆبوونەوە وێڕاى داڕشتنى ڕێوشوێن و میکانیزمى پێویست، بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشیدا لە نێوانیان فەرمانگە و دامەزراوەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر گرفت و کیشەیەک هەبێت لەوبارەیەوە.

جێگەى باسە، پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى هەولێرى پایتەختە و بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێر دەسوڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری، پانی پشتێنەکە 2 کیلۆمەترە، لەگەڵ دروستکردنى زیاتر لە 10 پۆند، بڕیارە لەو پڕۆژەیەدا ملیۆنان داری زەیتون و فستق بچێنرێت، ئامانج لە پڕۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پڕۆژەی نا کشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکارنێت.