دوێنێ، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند:”پڕکردنەوەی فۆرمی پسوولەی خۆراک ئاسانە و لەسەر مۆبایلی زیرەک کارا دەکرێت، بەڵام مەرجی سەرەکی پڕکردنەوەی فۆرمەکە، بوونی کارتی نیشتمانییە، هەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت، ناتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: هەر هاووڵاتییەک نەزانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، تیمەکانی ئەوان لە تەواوی شار و شارۆچکەکان ئامادەییان هەیە دەتوانن هاوکارییان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، هەر هاووڵاتییەکیش لەماوەی دیاریکراودا فۆرمەکە پڕ نەکاتەوە، مافی وەرگرتنی بەشە خۆراکی مانگانەی نامێنێت.
وتیشی : ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە پسوولەی خۆراک لە هەردوو سیستەمی (ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس) بەناوی(البطاقة التمونية) کارا دەکرێت، هاووڵاتییان دەتوانن لەسەر مۆبایلەکانیان فۆرمەکە پڕ بکەنەوە و زانیارییەکان لە خانەی دیاریکراو دابنێن بەپێی ئەو پرسیارانەی هەیە و دەخرێتە پێشیان، نەوزاد شێخ کامیل داوای لە هاووڵاتییانیش کرد پارە بە هیچ کەسێک نەدەن بەناوی پڕکردنەوەی فۆرم، چونکە ئەگەر هەر هاووڵاتییەک خۆی ناتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، ئەوان بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەکانی خۆراکیان لە شار و شارۆچکەکان هەیە، تیمەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە هاوکاریی هاووڵاتییان دەکەن لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە، نەوزاد شێخ کامیل ڕاشیگەیاند: وەزارەتی بازرگانیی بەرپرس نییە لەوەی هەر هاووڵاتییەک پارە بدات بە کەسێک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.