ڕائیب جادر – هەولێر
دوای ئەوەی سەنتەری شارە گەورەکان بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناککرانەوە، لە ئیدارە سەربەخۆیەکان ئامادەکاری کراوە و لەو مانگەدا کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەگاتە چەند ناوچەیەکی دیکە. بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکرای کرد: لە ئیدارەی سۆران ئامادەکاری کراوە و بە گەیشتنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ١١٦ مووەلیدە دەکوژێنەوە. تیمی پڕۆژەی ڕووناکییش، دەڵێ: کۆتایی ئەم مانگە ژمارەی سوودمەندانی کارەباکە لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە دوو ملیۆن کەس.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاندرا و تا کۆتایی ٢٠٢٦ ھەرێمی کوردستان بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک دەکرێتەوە، سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، ھەر بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دھۆک پڕۆژەی ڕووناکی بەسەرکردەوە و سەردانی چەند ماڵێکی کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەبارەی پڕۆژەکە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، بەپێی داتاکانی پڕۆژەی رووناکی، زۆربەی ماڵەکان کە پڕۆژەی ڕووناکییان پێ گەیشتووە، مانگی ڕابردوو کەمتر لە ٣٥ ھەزار دیناریان بۆ ھاتووەتەوە.
ھاووڵاتییان خۆشحاڵیی خۆیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە نیشان دا و دەستخۆشییان لە حکوومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، کە ھەموو کوردستان دەگرێتەوە.
سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە لە ھەموو کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەوەی تا ئێستا کراوە لە سەنتەری شارەکان بووە و بڕیارە تا کۆتایی ٢٠٢٦، ھەموو پارێزگە و ناوچە و شار و گوندەکانی ھەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە ھاووڵاتییان کرد کە زێدەڕۆیی لە بەکارھێنانی کارەبادا نەکەن و بەپێی پێداویستیی خۆیان بەکاری بھێنن و بەفیڕۆی نەدەن و ھاوکاری حکوومەت بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بۆ ئەوەی حکوومەتیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.
پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە ھەوڵەکانی دەدات بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، وەزارەتی کارەبا، کارەبای نیشتمانی ٢٤ کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازی سەنتەری ھەر سێ پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابین دەکات، بەشێوەیەک لەم ھەنگاوەدا ژمارەی ھاووڵاتییانی سوودمەند لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک ھاوبەش، پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆژەی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەو ناوچانەی کوردستان دوای ئەوە دێت، لە چەند مانگی ڕابردوو کۆمەڵێک ناوچەی دیکەی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک سوومەندبوون لە پڕۆژەی ڕووناکی.
ئاشکراشی کردووە، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوام لە فراوانبووندایە و تا ئێستا لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن ھاووڵاتی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دابینکراوە و نزیکەی ١٣٠٠ مووەلیدەی تایبەت وەستێنراون کە یەکسانە بە ٢٢٥ ھەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەھراوییەوە، ھاوکات تاوەکو ئێستا نزیکەی ٦٠ ھەزار شوێنی بازرگانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، تا کۆتایی ئەم مانگە ژمارەی سوودمەندانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە دوو ملیۆن کەس.
لەبارەی فراوانبوونی پڕۆژەی ڕووناکی، لە ڕاگەیەنداوەکەدا ھاتبوو، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوام لە فراوانبووندایە و تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ سەنتەری ھەر چوار پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان پێدەگات و ناوچەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دەبنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٨٦ ھەزار و ٢٣٩ ھاوبەش دەبن، ئەو ھاوبەشانە بەسەر پێنج پۆل دابەش کراون، لەوانە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری و کشتوکاڵی. ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەم مانگەدا پڕۆژەی ڕووناکی ٢٤ کاتژمێری دەگاتە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکاریەک کراوە، وەکو فیدەر و مووەلیدە، ئەوەی پێویست بێت کردوومانە، بۆیە ئێستا لە قۆناغی تێست داین، کارەبامان بۆ دابینکراوە تا بزانین لۆدی سەر سەنتەری سۆران چەندە، ئەگەر تیمەکان ئامادەبن، لە قۆناغی یەکەم سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران دەکرێتە ٢٤ کاتژمێری.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر دڵخۆشن و بەپەلەن لەوەی کارەبایان ببێتە ٢٤ کاتژمێری، بۆ ئەوەی لە کارەبای مووەلیدە و پچڕانی کارەبا ڕزگاریان بێت و کارەبای بەردەوامیان ھەبێت، کە تەنیا لە سەنتەری سۆران ١١٦ مووەلیدەمان ھەیە، بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئەو مووەلیدانە نامینێن و دەکوژێنەوە، ھەم ژینگەیەکی پاک بۆ سۆران دروست دەبێت ھەم کارەبا لە سۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
لەلایەکی دیکەوە پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، باسی لە دواھەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ھاووڵاتییان بزانن چۆن کۆنتڕۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن، ئەم پڕۆژەیە وادەکات بەپێی پێویست و خواستی بەکارھێنان پارە بێتەوە، خۆتان بڕیار دەدەن مانگانە چەندتان بۆبێتەوە.
گوتەبێژی حکوومەت، دەڵێت: پڕۆژەی ڕووناکی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و بەم نزیکانە لە تەواوی ھەرێم ماڵەکانتان ڕووناک دەکەینەوە، ئەو بەشداربووانەی پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە، بە ڕێژەکانی ٥٠٪ و ٢٥٪ و ١٥٪ لێخۆشبوونیان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن و بەرچاوڕوونییان ھەبێت لەسەر نرخەکەی، کە حکوومەتی ھەرێم لە سێ مانگی پڕۆژەی ڕووناکیدا پاڵپشتی پسوولەی کرێی ھاووڵاتییان دەکات، بەم پاڵپشتییانە ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان دەکات بۆ ڕاھاتنیان لەگەڵ کارەبای ٢٤ کاتژمێری.