ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ئاراس تەوفیق، قوتابی لە زانكۆی بیرمنگامی بەریتانیا، تازەترین توێژینەوەی خۆی لە ماڵپەڕیكی جیهانیدا بڵاو كردەوە.
ئەم قوتابییە كوردە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە خۆشحاڵم كە پێتان رابگەیەنم كە نوێترین توێژینەوەم لەگەڵ كۆمەڵێك توێژەری كەنەدی و ئەمەریكی پۆست كرد بۆ سایتی ئەركایڤ (arXiv) بۆ ئەوەی خوێنەران بە خۆڕایی بتوانن بیخوێننەوە. توێژینەوەكە بەشێكە لە ئیشەكانی خوێندنی دكتۆرای مامۆستا دەشتی ئەحمەد عەلی لە زانكۆی كوینز لە وڵاتی كەنەدا بە هاوبەشی لەگەڵ دوو دكتۆری بواری تیشك و سۆنار لە شاری نیویۆركدا، واتە دكتۆر ریچارد دوو و دكتۆر ولیام جارناگین لە نەخۆشخانەی (Memorial Sloan Kettering Cancer Center)ـی نیۆیۆرک.
ئەم پزیشكە كوردە دەشڵێت: توێژینەوەكە دەربارەی لێكۆڵینوەیە لە پرسیارێكی سادە دەربارەی چۆنیەتیی بەكارهێنانی زانیاریە بیركاریەكان لە بواری وێنە پزیشكیەكاندا. وردتر بڵێین: كاتێك بواری تۆپۆلۆجیای بیركاری بەكار دەهێنین بۆ تێگەیشتن لە وێنەی پزیشكی، كۆمەڵێك باركۆدمان دەست دەكەوێت، كامیان باشترە: بەیەكەوەلكاندنی زانیاریەكانی تۆپۆلۆجی لە ئاستی باركۆدەكان پاشان بە ڤێكتەركردنی باركۆدەكان یان بە ڤێكتەركردنی هەر باركۆدێك بە تەنها و پاشان لكاندنیان بە یەكەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە كۆمەڵێك داتای دووڕەهەندی و سێڕەهەندیمان بەكار هێناوە كە هی نەخۆشیەكانی جگەر، گورچیلە، شێرپەنجەی مەمكە؛ هەروەها بەكارهێنانی سۆنار و مەمۆگرافی بۆ شێرپەنجەی مەمک. جگە لە بەكارهێنانی دوو رێگەی جیاواز بۆ دروستكردنی تۆپۆلۆجی لە وێنەی پزیشكی (Cubical Filtration and Landmark-based VR filtration) و پێنج رێگەی بە ڤێكتەركردنی بەردەوامی باركۆدە تۆپۆلۆجیەکان؛ لە كۆتاییدا، بۆمان دەركەوت كە، بە شێویەكی گشتی، بە ڤێكتەركردنی باركۆدەكان بە تەنها تەنها پاشان لكاندنیان بەیەكەوە باشترە لەوەی كە باركۆدەكان بەیەكەوە كۆ بكەینەوە ئینجا بەیەكیانەوە بلكێنین. ئەم پرسیارەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ناکرێ باركۆدە بەردەوامە تۆپۆلۆجیەكان راستەوخۆ بەكار بهێنرێت لەگەڵ زیرەكی دەستكرد بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری پزیشكان بكەین كە ئاخۆ وێنەیەكی پزیشكی نیشانەكانی شێرپەنجەی پێوە دیارە یان نا؟ هەروەها بتوانین لەمەولا زیرەكیی دەستكرد بەكار بهێنین بۆ ئەوەی بڵێین كە ئەم نەخۆشە ئەگەری (زۆری) هەیە تووشی شێرپەنجە ببێت یاخود لێیەوە دوورە.