فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەداتەوە سەبارەت بە سەردانەكەی ئەمڕۆیان بۆ لای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامدانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیان سەبارەت بە سەردانەكە.
فڕاكسیۆنی پارتی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت “فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین لە بڕی ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بووەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە”.
فڕاكسیۆنی پارتی هەروەها دەڵێت “ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بوونەتە چاوساغ بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان، چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نییە”.
فڕاكسیۆنی پارتی هەروەها داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانی و لایەنە سیاسییەکان دەکات “لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نە خێرە و نە سەدەقەیە تا موزایدەی پێوە بکرێت”.
دەقی وەڵامەکەی فراکسیۆنی پارتی بۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی:-
لای خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ هیچ هۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە.
بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قووت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو کە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لە بڕی ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بووەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە.
هەموو لایەك ئاگادارن، ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن، چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نییە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لە دژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان.
لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە.
لە کۆتاییدا داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربهێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق