بەرپرسی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە ئەرکەکەی هات

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد کە ئەمڕۆ کۆتایی بە ئەرکەکەی هات لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵ و هەنگاوە گرنگەکانی کۆڵۆنێڵ براندستێتەری کرد لە ماوەی ئەرکەکەیدا، راشیگەیاند:” کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، وەک خەمخۆرێک و دڵسۆزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بووە و پشتیوانیی وەزارەتەکەیانی کردووە.
وەزیری پێشمەرگە وێڕای نیشاندانی پێزانینی زۆیان و وەزارەتەکەیان بەرانبەر ئەو دەستکەوتانەی کە بە هاوکاریی و ڕاوێژکاریی تیمی باڵای هاوپەیمانان بەدەستھاتوون بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی:” ئەو دەستکەوتانە بە تایبەتی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازیی و بنیاتنانی فیرقەکاندا بەدیهاتوون.
لە بەرانبەردا، کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، گوتی:” خۆشحاڵ بووم لە ماوەی ئەو کاتانەی پێکەوە بووین بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک تیمێکی پێکەوەیی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵی بەردەوام دابووین، توانیومانە دەستکەوتی زۆرباش بەدەستبهێنین، هیواشی خواست پرۆسەی چاکسازی سەربکەوێت و دەرئەنجامەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەدەست بهێنرێت.