ئاسایشی هەولێر: کەسێکمان بە تۆمەتی فرۆشتنی ئامێری گزیکردنی بە قوتابیانی پۆلی 12 دەستگیر کرد

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی 6ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: “بەهەماهەنگیی (وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانمانەوە، ناسنامەی تۆمەتبارێکمان ئاشکرا کرد، بەناوی (م. ک. خ) دوای وەر گرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیرمان کرد.”

ڕاشیگەیاند، كە ئەو كەسە “کاری فرۆشتنی ئامێری (بلوتۆز) کە تایبەتە بە (گزی/ غش)کردن دەکات و چەند ئامێرێکی لە شاری بەغداوە دەربازی ناوشاری هەولێر کردبوو بەمەبەستی ئەوەی ساغیان بکاتەوە، بەڵام بەرلەوەی ئامێرەکان ساغ بکاتەوە دەستمان بەسەر ئامێرەکاندا گرت.”

ئاسایشی هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو، “ساڵانە لەکاتی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەک پەیج و ئەکاونت بانگەشەی فرۆشتی ئەو ئامێرانە دەکەن کە قەدەغەیە و ڕێگە پێدراو نییە، بۆیە هەرکەسێک کاری کڕین و فرۆشتن بەو ئامێرانەوە بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر و دەرێت بە دادگە.”