بە فەرمی پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنرا

ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نەوزاد شێخ کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم و دكتۆر تاڵب بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدڕال، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی یەک مانگ سەرجەم خێزانەكان دەتوانن بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەم فۆڕمە پڕ بکەنەوە، بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش پێویستیان بە کارتی نیشتمانی دەبێت، هەر خێزانێكیش فۆڕمەكە پڕ نەکاتەوە بەشەخۆراکەکەی ڕادەگیرێت.

چەند ڕۆژێکە بەشێوەی ئەزموونی فۆڕمی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراك کارا کراوە، لەوە ماوەیەدا لە سلێمانی 80 هەزار کەس و لە هەولێر 73 هەزار و لە هەڵەبجە 67 هەزار و لە دهۆک 40 هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردۆتەوە.