ئەمرۆ سێشەممە 2025.6.3، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ڕۆژانى جەژنى قوربان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەر و قائیمقامى ناوەندى و بەڕێوەبەرانى دام و دەزگا ئەمنیەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەى بوون، وەک ئامادەکاریی بۆ جەژنى قوربان، لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بازرگانی ڕاسپێردران لە نزیکەوە چاودێرى بازاڕ و نرخ و کوالێتى کەلوپەل و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان بکەن.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە مەترسسییەکانى (تای خوێن بهربوون) کە نهخۆشییهكی ڤایرۆسی زۆر مهترسیداره بۆ سهر ژیانی مرۆڤ و له ڕێگهی ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه گفتوگۆ کرا، لەو بارەیەشەوە داواکرا هاوڵاتییان بۆ سەلامەتى تەندروستى خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەس و کاریان قوربانى لە بەردەم دوکان، سەر شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکان نەکەن و ئاژەڵ لە کوشتارگەکان بە پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت و بکرێتە قوربانى.
سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ لە ڕۆژانى جەژن و پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتییان، کۆبوونەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان کردەوە.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەدا بۆ رۆژانى جەژن هەموو ئامادەکارییەک و ئاسانکارییەک بکرێت بۆ هاتنى گەشتیاران، لەوبارەیەشەوە بەرێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و بەرێوەبەرایەتى بازگەکانى ڕاسپارد ئامادەکارى تەواو بکەن لە چۆنییەتى پێشوازیکردنیان.