سلێمان تاشان – ههولێر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی ڕێکخستن و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان و ئاگاداربوون لە کوالێتیی بەرهەمە نەوتییەکان دەستی بە جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی نوێ کردووە.
کەرتی سووتەمەنی و بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان لە کوردستان یەکێک لەو کەرتە گرنگانە بووە کە هەموو کات پێویستیی بە چاودێرییەکی چڕ هەبووە و هەندێک جار ژمارەیەک بازرگان و خاوەن وێستگەی بەنزین دۆخەکەیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستووەتەوە و بە فرۆشتنی بەنزینی بێ کوالێتی و خراپ ئاگریان لە ماڵ و سامانی خەڵک بەرداوە. ئامانجی حکوومەت ئەوەیە چاودێرییەکە چڕتر بکات بۆ ئەوی پەش بەو سەرپێچییانە بگرێت.
لە وەرزی هاویندا بەهۆی ئەوەی کە پلەکانی گەرما بەرزن ئۆتۆمبێلەکان بەرانبەر ئەو سووتەمەنییەی بەکاری دەهێنن هەستیارترن و ئەگەر فێڵێک لە بەرهەمەکەدا بکرێت و بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئۆکتان، مادەی تری لەگەڵ تێکەڵاو بکرێت ئەوا ئەگەری زۆرە زیان بە مەکینەی ئۆتۆمبێلەکان بگەیەنێت و شوفێران تێیدا زەرەرمەند بن و تەنانەت هەندێک جار تووشی ئاگرکەوتنەوە ببنەوە، بۆیەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ ڕێکخستن و چاودێریکردنی کەرتەکە داناوە کە لە ڕۆژی یەکشەممە یەکی حوزەیرانەوە دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی ڕێکخستن و یەکخستن و چاودێریی کار و چالاکیی گشت بەنزینخانە حکوومی و ناحکوومییەکان لە ڕووی تەکنیکی و کارگێڕی و پرسی کوالێتیی بەرهەمەکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار دەرکراون. یەکەم بڕیار بریتییە لە دیاریکردنی سزای سەرپێچیی بەنزینخانەکان لە ڕووی دارایی و کارگێڕی بۆ پاراستنی بەرهەمە نەوتییەکان کە بە پێی خشتەیەکی تایبەت دەستنیشان کراون و خاوەن بەنزینخانەکان لە حاڵەتی سەرپێچیی ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.
باس لەوە کراوە کارکردن بە خشتەی کوالێتیی بەرهەمە نەوتییەکان بەنزین، گازئۆیل و نەوتی سپی بوونی هەر پێکهاتەیەکی تر جگە لەوانەی ئاماژەیان پێ کرا، پێویستە ڕێژەکەی بە پێی تایبەتمەندییە جیهانییەکان بێت ئەگەرنا بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت. لە خاڵێکی تردا هاتووە جێبەجێکردنی فەرمانەکە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان دەبێت لە ڕێگای پێکهێنانی لێژنەی تایبەت بۆ کارکردن بۆ ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
هەر بە پێی بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوا کراوە گشت خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنی لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە ناوەڕۆکی سزاکان بە بڵاوکردنەونەی تابلۆی ئاگاداری و ماڵپەڕی فەرمییان یان هەر ڕێگایەکی تر ئاگادار بکرێنەوە. لە کاتی کارپێکردنی فەرمانەکەوە کە یەکی حوزەیرانە کار بە هیچ نووسراوێکی تر ناکرێت سەبارەت بە سزای سەرپێچیی بەنزینخانەکان.
لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە دوای سەپاندنی سزای سەرپێچی بە پێی ڕێنماییەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بەرامبەر سەرپێچکار، وێستگەی سووتەمەنی بڕی داهاتی بەدەستهاتوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە ڕێکارێکی نوێ دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕێکاری نوێ ڕێژەی لەسەدا حەوتی سزای دارایی سەرپێچیی بەنزینخانەکان تەرخان و خەرج دەکرێت بۆ کڕینی کەلوپەلی تاقیگە و ئەو تاقیگانەی کە بە بەردەوامی پشکنینی بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن لە تاقیگەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و تاقیگەی ناوەندی وەزارەت.
جگە لەمە لەسەدا سێی سزای سەرپێچیی بەنزینخانەکان خەرج دەکرێت لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەو لێژنانەی کە بەشدارن لە پڕۆسەی پشکنین و چاودێری و تۆمارکردن و جێبەجێکردنی سەرپێچییەکان بە شێوەی دادپەروەرانە بە مەرجێک مانگانە وەزارەت ئاگادار بکرێتەوە لە بڕی پارەی دابەشکراو و ناوی ئەندامانی لیژنە کە شایستەن و دەبێت بە لیستێک ڕەوانەی وەزارەتەکە بکرێت.
رێژەی ٩٠% سزای دارایی سەرپێچیی بەنزینخانەکان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان دەبێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
جێی باسە لە تەواوی پارێزگاکان تیمەکانی چاودێری و پشکنین چالاکن و لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا سەد و چل و نۆ بەنزینخانەی کوردستان بەهۆی سەرپێچییەوە سزا دراون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی بە نووسراو ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کردووە ئەرک و دەرچوونی تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونەکانیان چڕتر بکەن بۆ پاراستنی کوالێتیی بەرهەمی بەنزین لە جۆرەکانی نۆرماڵ و موحەسین و سووپەر کە لە وێستگەکانی سووتەمەنی دەفرۆشرێن.