بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ 2ـی حوزەیرانی 2025، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی، ڕووداوێکی تەقەکردن لە دەرەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ڕوویدا کە بووە هۆی برینداربوونی کەسێک بەناوی ( ٱ. ع. م) کە زاوای تۆمەتبارە، لە دوای ڕووداوەکە تۆمەتبار لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایکردووە، بەڵام دوای کەمتر لە 10 خولەک لە لایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکرا.
پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات، دەست بەسەر دوو چەکی جۆری دەمانچە و کڵاشنکۆف، هەروەها ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان _ پیکابدا گیرا کە دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوت، ڕووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی ڕوویداوە.
پۆلیس داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە کاتی گرفت و کێشەدا هەرگیز پەنا نەبەنە بەر کاری توندوتیژی، بەڵکو ڕێگا بدەن تاکو دادگا کەیسەکانیان یەکلایی دەکاتەوە.