زیاتر لە 8 هەزار ڤەیپە کە دەستیان بەسەردا گیرا

قایمقامی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەست بەسەر زیاتر لە 8 هەزار ڤەیپدا گیراوە و لەناویان دەبەین.

دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە دوای دەستپێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی ڤەیپ، هەڵمەتێکی باشمان بۆ لە ناوبردنی کرد.”

قایمقام دەڵێت: لەلایەن ئەو لیژنانەی کە دیاری کراوبوون بۆ ئەو هەڵمەتە، زیاتر لە 50 هەزار ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی دەستیان بەسەردا گیراوە و لەناو براون، .

دەشڵێت: ئەوەی ئەمڕۆ لەناوی دەبەین زیاتر لە 8 هەزار ڤەیپە کە دەستیان بەسەردا گیرابوو، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی جیاوازی و چاوپۆشیی لە هیچ کەسێک بکرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، ڕاشیگەیاند “ڕێکاریش گیراوەتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە هەوڵی فرۆشتنی ڤەیپ دەدەن و بە ڕێگای قاچاخ دەیهێننە ناو بازاڕەکان. ڕێکارییەکانیش بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ و جگەرەی ئەلیکترۆنی، داخستنی شوێنەکان و پێبژاردن بە خاوەنی ئەو شوێنانەی کەوا پابەندی بڕیارەکە نەبوون و سەرپێچییان کردووە.”