ڕائیب جادر – هەولێر
ماوەی سێ ساڵە ڕێگەپێدراو دەدرێتە جووتیاران بۆ ئەوەی ئەو بەرھەمانەی کە زیاترن لە خواستی ناوخۆ بۆ بە بازاڕ کردنی ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بکرێن، بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر لەو ماوەیەدا ھەشتا ھەزار ڕێگە پێدان بە جووتیاران دراوە، بەڵام ئەوەی بۆتە گرفت بۆ جووتیاران ئەوەیە بازگەکانی عێراق ئاستەنگ بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ئەوان دروست دەکەن. بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، دەڵێت: ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی جووتیاران ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژە و پلانی زۆر باشی ھەیە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی حکوومەت، بەرھەمی جووتیارانی کوردستان دەخەنە نێو تورەکە و کارتۆنی تایبەتەوە و لە سەریان دەنووسن “لە کوردستان دروست کراوە-Made In Kurdistan” دواتر ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوەیان دەکەن و لە بازاڕی وڵاتان دەفرۆشرێن.
بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرھەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئاستی بەرھەمھێنانیان لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیارانی ناوخۆ داوە کە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێن، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن، دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک ترێ، سێو، ھەنجیر و ھەنار ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن.
جووتیاران، دەڵێن، ڕۆژانە پەتاتە، پیاز، خیار و تەماتە و چەند بەرھەمێکی دیکە کە لە بازاڕی ناوخۆ زیاترن بار دەکەین و ڕەوانەی بازاڕی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەین، باس لەوەش دەکەن ڕێگەپێدان بە بەرھەمەکانیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ بە بازاڕ کردنی بەروبوومەکانمان، بەڵام ئەوەی گرفتی بۆ ئێمە دروست کردووە بازگەکانی حکوومەتی عێراق، وەکو پێویست ھاوکار نین، ئەگەر ڕێگەش بە بەروبوومەکانمان بدەن گومرک دەکەن.
جووتیاران، جەخت لەوەش دەکەنەوە، ئەوە بۆ چەند ساڵێک دەبێت حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری ئێمە دەکات و بەروبوومی ئێمە ساخ دەکاتەوە، ئەوەش وای کردووە کە زیاتر گرنگی بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بدەین، لەوەتەی بەرھەمەکانمان ھەناردە دەکرێت و ڕەوانەی ئەو کارگانە دەکرێت کە کراونەتەوە زۆر باشە و بەفیڕۆ ناچێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە جووتیار و ئاژەڵداران داوە، ئەوەش ھاندەرێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە کاری خۆمان بدەین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وەبەرھێنانی کردووە و گەورەترین کارگەی بەرھەمە شیرەمەنییەکانی لە دەڤەری بارزان کردووەتەوە، لە گوندەکانی ئیدارەی سۆران بە ھەزاران سەر مەڕ و بزن و مانگا ھەنە و بەرھەمەکانیان ئەوەندە خواستی لەسەرە، کە ھەر لەدوای دۆشینی ئاژەڵەکان، ساخ دەبێتەوە.
سادق عەلی، شارەزا لە بواری کشتوکاڵی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوێکی گەورەی لە بواری کشتوکاڵ ناوە، کاتێک بڕیاری بردنە دەرەوەی بەرھەمی ناوخۆی کوردستانی دا بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمە ئومێدبەخش بوو، جووتیار ھەمیشە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمەکەی گەورەترین خەمی ئەوەی بوو چۆن ئەو بەرھەمە ساغ بکاتەوە و تووشی زیان نەبێت و بتوانێ ڕەنجی ماندووبوونی وەربگرێتەوە، کردنەوەی بازاڕ لە دەرەوە ھەنگاوێکی گەورەبوو، ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی ڕەوانەی دەرەوە بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگای ھەولێر، ڕۆژانە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ڕێگەپێدراو دەدات بە جووتیاران بۆ ئەوەی بتوانن بەرھەمەکانیان ببەنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بۆ ئەوەی لە بازاڕەکانی ئەوێ ساغ بکەنەوە. ھێمن سەید مراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕۆژانە ١٥٠ بارھەڵگر لە بازاڕی عەلوە و سەوزە و میوەی ھەولێر دەرفەتی بە بازاڕ کردن بۆ جووتیاران دەڕەخسێنن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھاتووەتە کایەوە. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی ھەولێر لەو ماوەیەدا ھەشتا ھەزار ڕێگە پێدان بە جووتیاران دراوە، کە تەنھا لە پێنج مانگی ئەمساڵدا ١١ ھەزار ڕێگە پێدانی تر دراوە بە جووتیاران.
لە دوای ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ زیادکردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان ئەوانەی کە لە ناوخۆ بەرھەم دەھێنن و بەرھەمیان زیاد بکرێت بەشێک لە بەرھەمەکانیان پەرەیان سەندووە بۆ دۆزینەوەی بازاڕ، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەولێر ڕێگە دەدات بەو جووتیارانەی کە بەرھەمەکانیان لە پێداویستی ناوخۆ زیاترن بۆ ئەوەی بتوانن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساغ بکەنەوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، ئێمەش وەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار دەبین بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبێت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران، ئەمساڵیش پلانی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.