بیانووەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەموو ئاستەکاندا ڕەت کراوەتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەغدا جارێکی تر هەمان سیاسەتە سوواوەکەی خۆی لە دژی هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران بەکار هێنایەوە و هەمان ئەو پاساو و بیانووانەی زیندوو کردەوە کە پێشتریش بۆ بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان باسی دەکرد، لێوردبوونەوەی لە ناوەڕۆکی سیاسەتەکەی بەغدا دەیسەلمێنێت نەک دەستووری و یاسایی نییە بگرە زۆر سیاسییە و بەتاڵە لە هەموو ئەو پاساوانای وەک هۆکار بۆ لێبڕینی شایستە داراییەکانی هەێمی کوردستان خستوویەتەڕوو.

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە کاتێکدا ئەوە بڵاو کرایەوە کە لیستی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەیەک لە لیستەکەدا نییە، هەمووان چاوەڕوانی ئەوە بوون بەغدا گوژمەیەکی نوێ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات و بەر لە جەژنی قوربان مووچەکە دابەش بکرێت، لەپڕ هەواڵێکی نوێ بڵاو بووە و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت لە ناردنی پارەی مووچە بەردەوام بێت.
بە پێچەوانەی هەڵوێست و بیانووەکانی پێشتری وەزارەتی دارایی کە لە کۆتایی ساڵدا مووچەی مانگێک یان دوو مانگ دەفەوتا و بیانووی بۆ دروست دەکرد ئەم جارە دەڵێت مووچەی هەر هەشت مانگەکەی تری ئەمساڵی هەرێمی کوردستان نێردراوە و هەرێمی کوردستان هیچ شایستەیەکی دارایی لە بەغدا نەماوەتەوە تا بۆی بنێردرێت.
ئەمە وایکرد چاودێرانی دارایی و سیاسی سەریان لێی بسوڕمێت چونکە ئەو جۆرە بیانووانە لە کۆتایی ساڵی دارایی دەکرێ بگوترێ نەک لەکاتێکدا کە تەنیا چوار مانگی مووچە دابەش کراوە و هەرێمی کوردستان شایستە داراییەکانی چوار مانگەکەی بە تەواوی وەرنەگرتووە چ بگات بەوەی هەشت مانگەکەشی لەسەر بکرێتە ماڵ.
هەڵوێستەکەی وەزیری دارایی عێراق هەر زوو لە لایەن یاساناسان، پەرلەمانتاران، سیاسەتمەداران و چالاکانی سیاسی و یاسایی ڕەت کرایەوە و هەمووان پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە هەر بە پێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێ پرسی مووچەی فەرمانبەران تێکەڵاوی پرسی سیاسی بکرێت و هەموو فەرمانبەران دەبێت مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەکەیان وەربگرن.
هەبوونی کێشەی دارایی و ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق شتێکی نوێیە و بەشێک لەو کێشانە بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و بەغدا و هەولێر یەکتریان بە هەندێک پێشێلکاری تۆمەتبار کردووە کە دەکرێ لێژنە و شاندەکانیان بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەری بکەن بەڵام ناکرێ گەلێک برسی بکرێ بۆ ئەوەی لایەنێک شتێک بەسەر لایەنێکی تردا بسەپێنێت.
ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش مووسڵی داگیر کرد و دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقدا گرت و هەموو سەروەت و سامان و بانک و سەرچاوە داراییەکانی خستە خزمەتی خۆیەوە، حکوومەتی عێراق دەستی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی نەبرد و سەرەڕای ئەوەی کە سوپای عێراق لە دژی داعش لە جەنگدابوو کەچی مووچەی فەرمانبەران هیچ کێشەیەکی بۆ نەهاتە کایەوە و فەرمانبەرانی نەینەوا بە تەواوی مووچەکانیان وەردەگرت، خێرە هەرێمی کوردستان کە لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی دیاری کراوە و بەشێکە لە سیستمی فیدراڵی ئەمە بەرانبەر مووچەخۆرانی بکرێت.
حکوومەتی عێراق بە بیانووی نەگەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، چووەتە گژ فەرمانبەران، هەنگاوەکە جگە لەوەی کە نایاساییە لە هەمان کاتدا هەنگاوێکی نامرۆڤانەیە و دەستبردنە بۆ قووتی سەدان هەزار بنەماڵە کە بژێوییان بە مووچە هەڵدەسووڕێت. پرسیار لەوەدایە بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی موسڵی لە سەردەمی داعش دابین دەکرا بەڵام بەغدا ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دابین بکات، وا دیارە گەلی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی بەغدا تەنانەت لە داعشیش خراپترە و دەسەڵاتی بەغدا ئامادەیە ددان بە داعشدا بنێت بەڵام ئامادە نییە کورد وەک هاووڵاتیی عێراقی قبوڵ بکات سەرەڕای ئەوەی کە کورد خۆی دامەزرێنەری عێراقی نوێی فیدرالییە و بە سەدان هەزار کەسی لە سایەی سیاسەتی شۆڤێنییانەی ڕژێمەکانی پێشوو بووەتە قوربانی.
ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەیکات گومانی تێدا نییە کە سیاسییە و بەداخەوە بەشێک لە لایەنە ناوخۆییەکانی کوردستان لەم ڕووەوە هاوکاریی بەغدان و لە تایبەتمەندییە سیاسییەکە هەڵیدەماڵن و دەیبەستنەوە بە پرسی داهات و ئەرکە داراییەکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بەرامبەر بە یەکتر کە بابەتێکی جیاوازە و دەکرێ لە چوارچێوەکەی خۆیدا چارەسەر بکرێت.
راستییە حاشاهەڵنەگرەکە ئەوەیە دەسەڵاتی عێراق ناوەکەی گۆڕاوە بەڵام جەوهەرەکەی نەگۆڕاوە و درێژەدەری ڕژێمەکانی پێشووە، حکوومەتی فیدراڵی لە دووبارە هەستانەوەی کورد و بەهێزبوونی پێگەی کورد چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی زۆر نیگەرانە و بەتایبەتی دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ حسابکردن بۆ بەغدا لە ئەمەریکا دوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە واژۆ کرد، حکوومەتی عێراق دەخوازێت لەمپەر بخاتە بەردەم ڕەوتی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و بەم شێوەیە تۆڵە بستێنێتەوە.