لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێری بۆ کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازی سەنتەری هەر سێ پارێزگەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، بە شێوەیەک لەم هەنگاوەدا ژمارەی هاووڵاتییانی سوودمەند لە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن. ئەمەش دوای ئەوە دێت لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک ناوچەی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەند بوون.
پرۆژەکە لە فراوانبوون بەردەوامە و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی هەزار و ٣٠٠ مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون، کە یەکسانە بە ٢٢٥ هەزار ئۆتۆمبێل لەڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە. هەروەها تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار شوێنی بازرگانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە. تاکوو کۆتاییی ئەمساڵ سەنتەری هەر چوار پارێزگەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان پێ دەگات و ناوچەکانی دیکە تاوەکوو کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦، دەبنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری.
بۆ زانیاریی زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، لە ڕێگەی ژمارە ١٩٩٢، لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک. سەنتەرەکە لە کاتژمێر ٩ی بەیانی تاوەکوو ٩ی شەو بەردەستە.