ڕائیب جادر – هەولێر
فراکسیۆنە کوردستانییەکان، یەک هەڵوێستن لەوەی مووچە منەت نییە، بەڵکو مافێکی دەستووری و مرۆییە و بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر کراوە. مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی عێراق شکستی چەند ساڵەی ڕابردوو لە خزمەتگوزاری و ئیدارەدان، دەیەوێت بە دژایەتیی ھاووڵاتییانی کوردستان پەردەپۆش بکات و دەیەوێت بەم جۆرە نووسراوانەی دژ بە ھاووڵاتییانی ھەرێم بشارێتەوە.
دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت لە ناردنی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوی ئەوەی ھەرێمی کوردستان بڕی پشکی دیاریکراوی خۆی لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەی بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە یەکەم ڕۆژی دەست بە کاربوونیەوە لەم کابینەیەوە، گوتووێتی، خۆم دەچم بۆ بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکان، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا کردووە بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، لە قۆناغی زۆر قورستر و ئاڵۆزتر، سەرۆک وەزیران ھەردەم لەگەڵ ھاووڵاتییانی خۆی بووە، لەم قۆناغەش لەگەڵ ھاووڵاتییان دەمێنێتەوە و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا ھاتووە، بە بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ڕاگرتن و خەرج نەکردن و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تووشی سەرسوڕمانی بووین و ئەم بڕیارە ئامانجێکی سیاسیی لە پشتە و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، بەتایبەتی ماددەی ١٤ی دەستوور کە مافی یەکسانی و دادپەروەری بۆ تەواوی ھاووڵاتییانی عێراق لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە دەستەبەر کردووە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ڕوونیشی دەکەنەوە، لەسەر بنەمای ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی، بە فەرمی داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بە پەلە دەستوەردان بکات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و مافی ھاووڵاتییان بە ھیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە نەبەستێتەوە، چونکە مووچە منەت نییە، بەڵکو مافێکی دەستووری و مرۆییە و بۆ ھاووڵاتییان دەستەبەر کراوە، بۆیە دواخستن و ڕاگرتنی دەبێتە سزادانێکی بە کۆمەڵ و تەنیا فەرمانبەران لە ئەستۆی دەگرن.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، داوای چارەسەری ڕیشەیی و ھەمیشەییان بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کردووە و بۆ ئەم مەبەستە چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بۆ گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست کە لەگەڵ ئازارەکانی فەرمانبەران و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا یەک بگرێتەوە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆتاییشدا داوای لە سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە ھەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای خۆیان سەبارەت بەو دوژمنکارییانە دەربڕن کە بەرانبەر بە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لە ٢٠١٤ـەوە عێراق کێشەی بۆ مووچە دروست کردووە، ئەمساڵ وەزارەتی دارای عێراق تەنیا ٣.٨ ترلیۆن دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان ناردووە، ئەمە لە کاتێکدایە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە زیاترە لە ١٣.٥ ترلیۆن دینار، نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دژی دەستوور و ھەموو بەھا مرۆڤییەکانە و ھیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە.
جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، گوتیشی: حکوومەتی عێراق شکستی چەند ساڵەی ڕابردوو لە خزمەتگوزاری و ئیدارەدانی دەوڵەت، دەیەوێت بەم جۆرە نووسراوانەی دژ بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بشارێتەوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەم نووسراوەی تەیف سامی گوزارشتە لە باڵادەستیی عەقڵیەتی فاشی لەنێو جومگەکانی دەسەڵات لە عێراق و جگە لە بەکرێگیراو و جاشەکانی خۆیان، کەس باوەڕی پێ ناکات، گومانی تێدا نییە کە ئەم بڕیارانە پێچەوانەی بڕیارەکانی پێشووتری دادگەی فیدڕاڵیی عێراقن و یاخیبوونن بەرامبەر بە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە کە فەرمانی کردووە بابەتی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە مڵمڵانێی سیاسی نەکرێت و مانگانە لە کاتی خۆیدا بدرێت.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، ئاشکراشی کرد: ھەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵات و بڕیار و سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیەتی و بە بڕیاری وەزیرێک کە لەژێر فشاری گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا ھەرێمەکە چۆک بۆ پیلانی نەیاران دانانێت، بە پێچەوانەوە بڕیارەکەی تەیف سامی دەبێتە بڵقی سەرئاو و ئەگەر بیانەوێ جێبەجێی بکەن، دەبێ ئەو عێراقەی کە بانگەشەی فیدراڵیەتی تێدا دەکرێ، فاتیحەی بۆ بخوێندرێتەوە و ببێتە وڵاتێک کە بە یاسای جەنگەڵ ئیدارە دەدرێ.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد: گەلی کوردستان گەلێکی سەربەرز و خاوەن ئیرادەیە، جگە لە کەمینەیەکی خۆبەبچووکزان بەرامبەر بە بەغدا، کە ھیچ کوردێکی بەشەرەف بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ نابێت و ئەم نووسراوە دەبێتە سەرەتایەک بۆ نیشاندانی ئیرادەی ڕاستەقینەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی پێکھاتەکانییەوە.