شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی (NAFSA) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەن

شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە پێکهاتون لە ڕاوێژکارانی وەزیری خوێندنی باڵاو ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسی (NAFSA) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەن.

کۆنفرانسى (NAFSA) گەورەترین و کاریگەرترین کۆنفرانسی زانستییە لە بواری خوێندنی باڵا، ساڵانە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ڕێکدەخرێت و نزیکەى (٨,٠٠٠) هەشت هەزار سەرکردەی ئەکادیمی و شارەزایانی بواری خوێندنی باڵا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقیا ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەشداری دەکەن.

لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا بۆ یەکەمین جار وتاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەلایەن د. ئامانج عبداللە سعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشکرا، کە تیایدا بەوردی باسی لە دۆخی ئێستای خوێندنی باڵای هەرێـمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەو نەخشە ڕێگەیانە کرد کە چۆن بتوانین بە هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە خۆش بکەین خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان باشتر بکەینە ئامرازی خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە وتارەکەیدا باسی لە کاریگەریەکانی گەشەکردنی خێرای تەکنۆلۆجی و سەرهەڵدانی ژیری دەستکرد و ئایندە و ڕۆڵی داینامیکی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کرد لە قۆناغەی ئێستای ژیانی مرۆڤایەتی.

لەم کۆنفرانسەدا شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارەیەک دیدار و کۆبونەوەی گرنگیان لەگەڵ سەرۆکی NAFSA و نوێنەرانی ژمارەیەک لە زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ئەنجامدا، ناوەرۆکی دیدارەکان تایبەت بوون بە پشتیوانی کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و پەرەپێدانی تواناکان و ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئاوێتەکردنی پەرەپێدانی توانای کارسازی لە پرۆگرامەکانی خوێندن و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران/قوتابیان.