راگەیەنراوی هاوبەشی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لەبارەی بڕیاری نەناردنی مووچە

فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بڕیاری بەپەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە هیچ ململانێیەكی سیاسی نەبەسترێتەوە”.

لە راگەیەنراوە هاوبەشەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكاندا هاتووە “تووشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە نەناردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆیەوە بارودۆخی فەرمانبەران بۆ جەژنی قوربان سەختتر دەكات”.

هەروەها هاتووە “ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی عێراق سیاسییە و پێچەوانەی دەستووری عێراقە كە بەگوێرەی ماددەی 37/یەكەم/أ دەبێت پارێزگاری لە شكۆ و رێزی هاووڵاتیی بكرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكان”.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە “ئەم بڕیارە سیاسییەی وەزارەتی دارایی بۆ نەناردنی مووچە، پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستووری عێراقە كە مافی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بۆ ته‌واوی هاووڵاتییان له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات‌ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌”.

لە راگەیەنراوەكە دیسان هاتووە “داوامان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە چارەسەری ریشەیی گرفتەكانی مووچە بكرێت، بۆ ئەم مانگەش بڕیاری بەپەلەی ناردنی مووچە بدەن و ئەم مافەی هاووڵاتییان بە هیچ ململانێیەكی سیاسی نەبەسترێتەوە”.

جەختیش كراوەتەوە “مووچه‌ منه‌ت نییه‌، به‌ڵكو مافێكی ده‌ستووری و مرۆییه‌ بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر كراوه‌، بۆیه‌ دواخستن و ڕاگرتنی ده‌بێته‌ سزادانی به‌ كۆمه‌ڵی هاووڵاتییان”.

لە كۆتاییدا هاتووە “هەڵوێستمان وەك فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان پەیوەست دەبێت بڕیار و بەشێوازی وەڵامی سەرۆك وەزیران، بە پێچەوانەشەوە هەنگاوی دیكە دەگرینەبەر بە قەبارەی ئازارەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان”.