وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا، وەڵامی بڕیاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی فیدڕالییەوە دەداتەوە.
راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی بە زمانی عەرەبییە و وەڵامێكە بۆ نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی فیدڕالی و تێیدا هاتووە “ئەو رێكارانەی وەزارتی دارایی عێراق گرتوویەتییە بەر لە دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە”.
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە “هەرێم و پارێزگاکان پشکێکی دادپەروەرانەیان بۆ تەرخان دەکرێت لە داهاتی کۆکراوەی فیدراڵی، بۆیە پشکی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای داهاتە کۆکراوەکانی فیدراڵی بێت نەك خەرجی کردەیی”.
ئاماژە بەوەشدراوە “بەپێی رێككەوتنەكان پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی 2025 بریتییە لە 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دینار، تا ئێستاش تەنیا 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار نێردراوە”.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان جەختیش دەكاتەوە كە بۆ ساڵی 2025 بڕی 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ماوە و پێویستە حكوومەتی فیدڕالی لە ماوەی 8 مانگی داهاتوودا بینیرێت.
دەقی نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان:-