سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: دژی نەناردنی مووچە یاداشتێکی ناڕەزایەتی دەدەینە سوودانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لە دژی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، یاداشتێکی ناڕەزایەتی دەدەنە سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەشڵێت: لەم بابەتەدا، دادگای فیداڵی لەگەڵ ئێمەیە.

پێنجشەممە، 29-05-2025، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یاداشتێکی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەدەنە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی “پێشتر چەند جارێک لیژنەی دارایی داوای لە وەزیری دارایی کردبوو، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ـی حکوومەتی عێراق، هی هەموو مانگەکانی ئەمساڵیان ڕادەست بکات، کەچی تا ئێستا تەنیا هی مانگی کانوونی دووەمی  ناردووە. باشە چۆن لە دەرئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ئینفاقی فیعلی بودجەی بۆ خەرج کراوە؟ ئەوان لە بنەڕەتدا داتا و ئاماریان نەناردووە. ئێمە ئەو نووسراوە ڕەت دەکەینەوە.”

ڤیان سەبری گوتی: “هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بە تایبەت فراکسیۆنی پارتی، باش دەزانین حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی دەستووری و فیدراڵییە. خاوەنی مافەکانیەتی لە نێو یاسای بودجە و دەستووری عێراقدا. ڕێککەوتنیش لە نێوان هەردوو حکوومەتدا کراوە کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵاوی کێشە سیاسییەکان بکرێت. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش پێشتر بڕیاری داوە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە و مانگانە بەبێ ئەوەی ڕێگریی لێ بکرێت، لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت، بۆیە لەم پرسەدا دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئێمەیە.”

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، یاسای بودجە لە پێناو هەناردەکردنەوەی نەوت، یاسای بودجە هەموار کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندی هەموارەکە نەبووە تاکوو دووبارە نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.