ئاوارەکان لە ڕێی ڕۆژنامەی ” هەولێر “ـەوە داوای هاوکاری زیاتر دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان، لە بەردەم مەترسی گەرمای ھاویندانە و ھێشتا ھەندێک لە پێداویستییەکانی ئەم وەرزەیان بۆ دابین نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام حکوومەتی ھەرێم داوا لە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی دەکات ھاوکاری ئاوارەکان بکەن، بەڵام تا ئێستا بەدەم داواکاریی ئاوارەکانەوە نەھاتوونە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکوومەتی ھەرێم دروستکردووە. ئاوارەکانیش، دەڵێن: لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم، زیاتر خەم لە ئێمە بخۆن و ئەو کێشە و گرفتانەی ھەنە چارەسەر بکەن و، پێداویستییەکانی ئەم وەرزە بۆ ئێمە دابین بکەن.

ئاوارەکان داوای ھاوکاری زیاتر دەکەن و گلەییان لە حکوومەتی عێراق ھەیە
لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٠ ھەزار ئاوارە ‌و پەنابەر ماون، لەو ژمارەیە ٧٦٦ ھەزاریان ئاوارەی ناوخۆنە ‌و ٢٤٤ ھەزاریان پەنابەرن کە لە ٣٨ کەمپ ‌و دەرەوەی کەمپەکاندا ژیان دەگوزەرێنن. عەبدوڵڵا یوسف، کە لە یەکێک لە کەمپەکانی سنووری دھۆک دەژیت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرەڕای ئەو کێشانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە، بەڵام حکوومەتی ھەرێم شەو و ڕۆژی کردووەتە یەک بۆ ئەوەی ھاوکاری ئێمە بکات و کەلوپەلی پێویست دابین بکات، ئەمە لە کاتێکدایە ئەرکی حکوومەتی عێراقە لەو دۆخەدا ھاوکاری ئاوارەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان بکات و ئەوەی پێویستە دابین بکات.
لەزگین حوسێن، ئاوارەیەکی دیکەیە، ڕاگەیاند، لە وەرزی ھاوین نزیک دەبینەوە، پێویستمان بە ئاو و کارەبای زیاتر ھەیە، لەگەڵ چەند کەلوپەلێک، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بۆمان دابین بکەن، ئەگەرنا لە وەرزی ھاویندا توشی کێشە و گرفتی زۆر دەبینەوە، لەگەڵ ئەوەش داوا دەکەین ھەرچی زووە دەشتی نەینەوا و دەوروبەری ئاوەدان بکەنەوە و گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر زێدی خۆمان
و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەینەوە. محەممەد سەعید، کە لەبەر حەشدی شەعبی و سەرھەڵدانەوەی داعش ناوێرێت بۆ مووسڵ بگەڕێتەوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێ: ڕاستە شارەکەمان ئازاد بووە، بەڵام لەبەر حەشدی شەعبی و سەرھەڵدانەوەی داعش ناوێرین بگەڕێینەوە، کە زۆر ئاوارە گەڕابوونەوە، بەڵام بەھۆی نا ئارامی شارەکە جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە.
دەشڵێ: لە کەمپەکان ژیان قورسە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا کە ھەندێک پێداویستی ژیان زەحمەت دەست دەکەوێت، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار بێت، بۆ ئەوەی بەو ھاوینە گەرمە لە نەخۆشی دوور بین.

حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو سێکتەرەکان ھاوکاری پێشکەش دەکات
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لەم وەرزەدا ھەر شتێک پێویست بێت حکوومەتی ھەرێم بۆ ئاوارە و پەنابەران دەکات، لە ھەر پێنج سێکتەری ژیان، کە خۆی لە کارەبا، ئاو، ڕێگەوبان، تەندروستی و لابردنی پاشماوەکان دەبینێتەوە بەردەوام ھاوکاری ئەوان دەکات، بەڵام ئەوەی لەم وەرزەدا کەمێک بۆ ئێمە بۆتە کێشە کەمی ئاوە، بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بە تانکەر ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستە دابین بکەین.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئێستا بەرەو وەرزی ھاوین دەچین، لەناو کەمپەکان و شوێنەکانی دیکە کە ئاوارە و پەنابەری لێیە، کاروباری خۆمان کردووە، بەتایبەتی ئەو کەلوپەلانەی پێویستن بۆ وەرزی ھاوین بۆ ئەوەی ئاوارەکان دوور بن لە ھەر جۆرە نەخۆشییەک، ھەروەھا لەگەڵ ڕێکخراوەکان و تەندروستی دھۆک دەستمان بە ئامادەکاری کردووە، بۆ ئەوەی ھاوکار بن لەگەڵمان تا ھیچ جۆرە نەخۆشییەک لەناو ئاوارەکان بڵاو نەبێتەوە.
حکوومەتی عێراق پشتی لە خەڵکی خۆی کردووە
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دھۆک، ئاشکراشی کرد: لە ٢٠ کەمپی سنوورەکە ٥٥ خێزان کە خۆی لە ٢٨٠ ھەزار ئاوارە دەبینێتەوە لە سنووری دھۆک دەژین، بەردەوام گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەین، چونکە حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئاوارەکان ناکات، وا حساب دەکات کە ئەو ئاوارانە بەشێک نین لە خەڵکی خۆیان، ئەمە لە کاتێکدایە دەبووایە بەغدا زیاتر لە ھەموو وڵاتانی دیکە ھاوکاریی ئاوارەکانی کردبایە، چونکە ئەو ئاوارانەی ھاتوونەتە کوردستان لە ناوچەکانی ئەوانەوە ھاتوونە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق پشتی لە خەڵکی خۆی کردووە و ھاوکاری ئاوارەکان ناکات، جگە لەوەی وەڵامی داواکاری ئێمەش ناداتەوە، یان ھەر ھیچ نەبێت ئەمن و ئەمان و دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەکانی ئەوان درێژ بکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، کە ھەندێک لە ئاوارەکان لەبەر باری ئەمنی دوای گەڕانەوەیان جارێکی دیکە ئاوارەی کەمپەکان دەبنەوە و دووبارە ژیانی ژێر خێمە ھەڵدەبژێرن.