ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی کواڵیتی بەنزین گۆڕانکاری لە سزاکانی دەکات، تیمێک ڕۆژانە سەردانی بەنزینخانەکان دەکات و نموونەی بەنزینەکە وەردەگرێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت، دواتر بڕیار دەدرێت بەنزینەکە بفرۆشێت، یان ڕابگیرێت و سزا بدرێت، بەپێی ڕێنمایەکان سزا ماددیەکان دەبنە دوو ھێندە و لە ئەگەری سێجار سەرپێچی لە ماوەی ساڵێکدا بۆ ماوەی سێ مانگ بەنزینخانەکە دادەخرێت و ھۆکاری داخستنەکەشی دەخرێتەڕوو، ئەگەر ھەر لە سەرپێچی بەردەوام بوو دەدرێتە دادگە و مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ١٤٢ بەنزینخانە داخراون.
لیژنەکە بەبێ ئاگادار کردنەوە سەردانی بەنزینخانەکان دەکات، ڕۆژانە دوو تیم نموونەی بەنزینی بەنزینخانەکان وەردەگرن، ئەو نموونەی وەردەگیرێت دەبرێتە بەشی تاقیگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ئەنجامەکەی دەردەچێت، ئەم تیمانە دەچنە سەرجەم بەنزینخانەکان، بەتایبەت ئەو بەنزینخانانەی زۆرترین سزایان لەسەرە، لە وەرزی ھاوین پشکنینەکانیان زیاتر دەبن، لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامەکە بریار لەسەر داخستن یان فرۆشتنی بەنزینەکە دەدرێت، ئەندامانی لیژنەی پشکنین دەڵێن، ھەر بەنزینخانەیەک لە شاری ھەولێر ھەبێت سەردانی دەکەین و پشکنین بۆ بەنزینەکەی دەکەین.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گۆڕانکاری لە ڕێنمایەکانی پشکنینی بەنزینخانەکان دەکات، بەپێی ڕێنمایە نوێیەکان سزاکان توندتر دەکرێن، تیمی پشکنین و وەرگرتنی نموونەی بەنزینخانەکان زیاتر دەبن، سزاکان لەبواری ماددی دەبنە دوو ھێندە، ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا بەنزینخانەیەک سێجار بەنزینەکەی لە کواڵیتی دەرنەچێت، بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت، لەبەردەم بەنزینخانەکەش لەڕێگەی لافیتەیەکەوە ھۆکاری داخستنەکەی ڕادەگەیەنرێت، ئەگەر سەرپێچییەکان زیاتر بوون دەدرێتە دادگە بۆ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی بەنزینخانەکە، کە لەم نزیکانە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێنمایە نوێیەکان ڕادەگەیەنێت. سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ھەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەمەودوا لیژنەکانمان کارەکانیان چڕتر دەکەنەوە و بەردەوام سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن، سەبارەت بە سزاکانیش لە ماوەی داھاتوودا لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و سزاکان توندتر دەکرێن.