قایمقامی سلێمانی بڕیاری دا سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە مەبەستی قوربانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا قەدەغە بكرێت بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی، كۆبوونەوەیەك بۆ دانانی پلانی پێشوازیکردن لە جەژنی قوربان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر میکانیزمەکانی رێکخستنەوەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و بەجێگەیاندنی سونەتی قوربانیکردن بەشێوەیەکی ڕاست و تەندروست، بە جۆرێک کە لەگەڵ رێنماییە ئایینی، تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکاندا بگونجێت و رێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەبەرچاو بگیرێت.
دوای كۆبوونەوەكە ئاوات محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەم جەژنەش هاوشێوەی جەژنەکانی ساڵانی پێشوو، بە هاوکاری دامودەزگا پەیوەندارەکان و بە پێی پلان و ئامادەکارییەکانمان رێگری دەکەین لە مامەڵەکردن بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ لە دەرەوەی مەیدانی ئاژەڵ و سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگەکان.
هەروەها گوتی: لیژنەکانمان ڕاسپاردووە بە هەماهەنگی لیژنە ئەمنییەکان، هەوڵەکانیان لە رۆژانی جەژندا چڕتر بکەنەوە و زیاتر چاودێری وردی کوشتارگەکان و هەموو ئەو شوێنانە بکەن کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی تێدا ئەنجام دەدرێت.