ئا : شێوان رۆستەم
لە سێی کانونی یەکەمی هەموو سالێکدا ڕۆژێک تایبەت کراوە بە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە ئەمەش بۆ دەربڕین و پشتیوانیکردنی دەنگی ئەم توێژەیە، ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت یەکێکن لەوانەی لەکۆمەڵگەدا بە دۆخێکی قورسو نادادپەروەرانە تێپەڕ ئەبن لەرووی دەروونی و جەستەییەوە، زۆریان لەژیانی ئاسایی دووردەکەونەوە بەهۆی هۆکارەکانی وەک ( زەواج نەکردن، نەبوونی خزمەتگوزاری، دابڕان لەخوێندن، نەگەیشتن بە بازاڕی کار).
پێویستە کۆمەڵگاو حکومەت و دامەزراوە تایبەتەکان ڕێنمایی و هاوکاری ئەم کەسانە بکەن بۆ ئەوەی لەژیانی کۆمەڵایەتی دانەبڕێن و ئەوانیش بتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن ..
لەم بارەیەوە ”ئەفرەح”کە خاوەن پێداویستی تایبەتە توانای ڕۆشتنی نییە بۆ تۆڕی میدیایی هێلین دەڵێت: ئێمە سەرەتا لەلادێ بوین لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری نەمتوانی بخوێنم کە هاتینە شار بەشی شێوەکاریم خوێندو یەکەمم هێنا بەڵام بە دەرنەچوو هەژماریانکردم لەکاتێکدا کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت مافیان هەیە لە هەموو بوارێکدا جگە لە ڕۆیشتنە سەر ستەیج، من ماوەیەکی زۆر نائومێد بووم پاشان بە پشتگیری خێزانەکەم توانیم ٥ ساڵی خوێندن تەواو بکەم و بروانامە بەدەست بێنم بۆ کاری فەرمانبەری لەبەر حاڵەتەکەم فەرمانبەریم پێ ناکرێت و ناونیشانی بروانامەکەم نەگۆڕی بۆ مامۆستایی چونکە تەمەنم گەورە بوو، بۆیە ئێستا لەباخچەیەکی ناحکومی مناڵان شێوەکارم.
زیاتر دەڵێت: من لە ژیانمدا دەرفەتی زۆرم لەدەستداوە لەبەر ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتم و خزمەتگوزاری تایبەت بەو توێژە کەمە، راستە من کۆڵم نەداوە بەڵام چەندەها ئافرەت ئەناسم کە دەروونیان رووخاوە لەبەرنەبوونی پشتگیری خێزانەکەیان و کۆمەڵگە.
ئەفرەح وتیشی :داوا لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەی کە وەک منن هیج کات کۆڵ مەدەن و هیچ شتێک زەحمەت نییە بەهەوڵدان ئەتوانین ژیان ئاسان بکەین لەسەر خۆمان. داوا لە حکومەت ئەکەم لەرووی خوێندنەوە بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تەمەن نەکاتە پێوەر چونکە کەسێکی وەکو من بروانامەی دبلۆمم هەیە بەڵام ناتوانم سود لە بروانامەکەم وەربگرم لەبەر زیادبوونی تەمەنەکەم.
هەر سەبارەت بەم پرسە “پگاە سەیدی” چارەسەرکاری دەروونییە بۆ هێلین وتی : ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت دووجار رووبەرووی سەختی دەبنەوە لەکۆمەڵگەدا، یەکجار وەک ئافرەت کە ئەمە هەموو ئافرەتێک دەگرێتەوە، دووەم جار وەک خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەتوانین بڵێین ئافرەتانی خاوەن پێداویستی تایبەت بارودۆخیان زیاتر لە مەترسیدایە وەک لە پیاوێکی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەمەش لەبەر ئەم هۆکارانە: ئەم ئافرەتانە زیاتر رووبەرووی توندوتیژی خێزانی ئەبن وکەمتر دەرفەتی ئەوەیان هەیە ئەم توندوتیژیانە ڕابگرن یان داوای هاوکاری بکەن، هەروەها کەمتر یان نەبوونی خزمەتگوزاری بەم توێژە و خوێندن، لەبەرئەوەی زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ کەسی ئاسایی دروست کراوە، هەروەها دەرفەتی کەمتریان هەیە لەوەی کاریان دەست بکەوێت. لەکاتێکدا ئەوان زیاتر پێویستیان بەداهاتی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانیان و دکتۆر و کەرتی تەندروستی.
هەروەها وتیشی: بەگشتی لەکەسێکی ئاسایی سێ سەرچاوەی فشاری دەروونی هەیە ئەویش ( هۆکاری دەروونی، هۆکاری دەرەکی، هۆکاری جەستەیی) وە ئەگەر کەسێک خاوەن پێداویستی تایبەت بێت راستەوخۆ یەکێک لەو فشارە دەروونییەی هەیە، وە ئەگەر شێوازی ژیانی هەڵە بێت فشارەکە زیاتر ئەبێت، کەواتە ئەتوانین بڵێین کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت هەرسێ فاکتەری فشاری دەروونی هەیە. تێڕوانینی کۆمەڵگەش زۆر گرنگە ئەو کۆمەڵگەش لە خێزان و شوێنی خوێندن و خزم وکەسوکارو نەتەوەو بەرنامەی سیاسی وڵاتەکەی دەست پێدەکات ئەمەش دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی یاخود نەرێنی لەسەر هەستی کەسەکە دروست بکات.
هەر سەبارەت بەم پرسە “ژیلوان عادل” بەرێوبەری چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان بۆ هێڵین وتی: ئەو قەیرانە داراییەی لەکوردستان هەیە کاریگەری خستۆتە سەر موچەخۆرانی خاوەن پێویستی تایبەت و هەروەها هۆشیاری کۆمەڵگەش نەگەشتۆتە ئاستێک کە ئەم کەسانە بتوانن بەبێ تانەو تەشەری کۆمەڵگا پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکات بیەوێت لەسەر دەستی خۆی و لەسەر ماندووبونی خۆی بژێوی ژیانی دابین بکات.ژیلوان عادل هەمان ڕای پگاە سەیدی هەیە کە بارودۆخی ژیان بۆ ئافرەتان دووجار قورسترە.