سلێمان تاشان – ههولێر
تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە وەبەرهێنان و چالاکییە بازرگانی و ئابوورییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستێکی باڵای هەیە و توانیویەتی لە پێشەوەی وڵاتانی تری جیهان بێت. وڵاتەکە لە هەوڵدایە پێوەندییە بازرگانییەکانی زیاتر پەرە پێ بدات و ماوەیەکە عێراقیش پێشوازی کردووە و هەنگاو بۆ پێشخستنی دەنێت.
ئارمان توپچو کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند قەبارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سی و پێنج ملیار دۆلار، ئەو ڕوونی کردەوە جگە لەو کۆمپانیایانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن و لە وەبەرهێنان بەردەوامن لە هەمان کاتدا لە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش توانیویانە پەرە بە بازرگانی بدەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە ساڵی ٢٠٢٤دا بگەیەننە هەژدە ملیار دۆلار.
کونسوڵی تورکیا باسی لە بایەخی هەرێمی کوردستان کرد لە پرسی پەرەپێدانی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و ڕوونی کردەوە کە کۆمپانیاکانی تورکیا کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن زۆر چالاکن و لە پێشخستنی ئەو بازرگانییەدا ڕۆڵی زۆر کارا دەگێڕن.
عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیا زیاتر پەرە پێ بدات، وەک ئاشکرایە پێوەندییە بازرگانییەکانی عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لەگەڵ ئێراندا بووە بەڵام حکوومەتی عێراق ئامانجیەتی شانبەشانی ئێران پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ تورکیاش بەرفراوان بکات.
پرسی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشە کە لە نێوان عێراق و تورکیادا باس دەکرێ یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیجییانەی کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت ئەوا پێوەندییە بازرگانییەکان دەخاتە قۆناغێکی نوێ و قەبارەی بازرگانی چەندان هێندە بەرز دەکاتەوە و جگە لە تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتی دیکەی ناوچەکەش لێی سوودمەند دەبن.
دەیان ساڵە تورکیا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبووە و بەشێکی بەرچاو لەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن لە تورکیاوە هاوردە کراون و تورکیا بۆ پێشخستنی کارە بازرگانییەکان، لقی کۆمپانیاکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کردوون.
بەپێی ئامارێکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان تا سەرەتای ئەمساڵ کۆی ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون گەیشتووەتە سی و شەش هەزار و هەشتسەد و هەشتا و چوار کۆمپانیا و لەو ژمارەیە سی و سێ هەزار و سێسەد وشەست کۆمپانیا نیشتمانی و ئەوانەی تر کە سێ هەزار و پێنجسەد و بیست و چوار کۆمپانیان بیانین.
پێویستە بگوترێ لەو کۆمپانیایانەی کە بیانین و لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون پشکی شێریان بەر کۆمپانیاکانی تورکیا دەکەوێت و چل و چوار لەسەدی کۆی کۆمپانیا بیانییەکان کۆمپانیای تورکین. ئێران بە دە لەسەدا لە پلەی دووەم دێت و پاشان وڵاتانی بەریتانیا، ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و چین و ڕووسیا دێن.
هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی فیدراڵی بەرووی وڵاتانی دنیادا کرایەوە و وەبەرهێنەران و بازرگانان دەستیان بە دامەزراندنی کۆمپانیا کرد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکاندا بتوانن پەرە بە کاری بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکان بدەن و ئەو دۆخەی لە کوردستان هاتە کایەوە دەرفەت بۆ کۆمپانیا جیهانییەکانیش ڕەخسا لە هەرێمی کوردستان لق بکەنەوە یان کۆمپانیای نوێ دابمەزرێنن.
هەبوونی ئەو کۆمپانیا بیانییانە لە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکییە لە پەرەپێدانی سەرمایە و ڕەخساندنی هەلی کار و وەبەرهێنان و بووژانەوەی بازاڕەکان و عێراقیش لە پرسی ئابووری و بازرگانیدا خەریکە چاو لە هەرێمی کوردستان دەکات و هەمان ڕێچکە دەگرێتە بەر.