عەقیدی مافپەرەوەر هەرێم فازل، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سۆران: بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت لە سنوورەکەمان زۆر کەمی کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، کێشەکانی خەڵکی کەمتر کردووەتەوە. بە گوتەی بەرپرسانی پۆلیس، ئەو تۆمارکردنە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی تەقەکردن، بریندار کردن و کوشتن ھەبووە. عەقیدی مافپەرەوەر ھەرێم فازل، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ئێستاش خەڵکانێک سەردانمان دەکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٣٠/٦/٢٠٢٢، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد، ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگیرێت، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک، ھەمان ڕۆژ وەزارەتی ناوخۆ لە ھەموو شار و شارۆچکەکان ھەڵمەتی داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١ـی ئاداری ٢٠٢٢ یاسای ژمارە دووی چەکی لە ھەرێمی کوردستان پەسەندکرد، بەگوێرەی ماددەی ١٥ـی یاساکە، ھەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەستەڵاتی مۆڵەتدان، دەستکاریی چەک بکات، ھەڵبگرێت، بفرۆشێت، چاک بکاتەوە یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردن کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت، ئەوەش وای کرد ڕێژەی تاوان بە ھەموو شێوەیەک کەمتر ببێتەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتەبەر، تاکو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەھێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ماوەی ڕابردوودا، بە قۆناغ ھەموو ھاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو ھەڵمەتە ئاگادار کردەوە.
ھۆشیاری ھاووڵاتییان و پابەند بوون بە یاسا ھۆکارێکی دیکەیە بۆ کەمبوونەوەی بەکارھێنانی چەک، ئێستا ھاووڵاتییان لە کاتی بوونی ھەر کێشەیەک زیاتر پەنا بۆ یاسا دەبەن، بەگوتەی پارێزەران، ئەو کەیسانەی ئێستا دێنە دادگەکان کەمتر ڕووداوەکانی بەکارھێنانی چەکیان تێدایە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئێستا لە کاتی ھەبوونی ھەر ڕووداوێک کەمتر پەنا بۆ بەکارھێنانی چەک دەبەن، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ئەوەی چەکی بێ مۆڵەت تۆمار بکرێت، ببووە ھۆی ئەوەی چەندین ڕووداوی نەخوازراو ڕوو بدەن، ساڵانە لە ھەرێمی کوڕدستان دەیان کەس دەبوونە قوربانی تەقەکردن و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت.
لە ھەرێمی کوردستان وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لە پێدانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک و ھەموو ئەو کەسانەی خاوەن کۆمپانیا، یان خاوەن سەرمایەکی زۆرن یان پاسەوانی بەرپرسەکانن بەمەبەستی خۆپاراستن مافی بەدەستھێنانی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەکیان ھەیە.
عەقیدی مافپەرەوەر ھەرێم فازل، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی چەکیان لایە، بچن چەکەکانی خۆیان تۆمار بکەن، لەھەمانکاتدا، بڕیاردرا ئەو شوێنانەی کە چەکی نایاسایی دەفرۆشن، بەتەواوی دابخرێن، نەبوونی چەک لای ھاووڵاتییان بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵک زیاتر پەنا بباتە بەر ئامێری دیکە، یاخود سکاڵا تۆمارکردن، بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت لە سنوورەکەمان زۆر کەمی کردووە و بەردەوامیش ناوە ناوە خەڵکانێک سەردانمان دەکەن بۆ تۆمار کردنی چەکەکانیان.
بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: نەبوونی چەک وای کردووە ھاووڵاتییان پەنا نەبەنە بەر ھیچ جۆرە چەکێک، تەنیا سکاڵا و حکوومەت نەبێت، ئەمەش کێشەکانی کەمتر کردووەتەوە و زیانیشی کەمتر لێ دەکەوێتەوە، ڕێژەی کوشتن، تەقەکردن و ھەڕەشە کردن بە چەک، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ھەموو ھەرێمی کوردستان کەمی کردووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوە بڕیارێکی دروست بووە بۆ کەمبوونەوەی کێشەکان، ھاووڵاتییانیش پابەندی فەرمانەکانی حکوومەت بوونە.