شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی دەڵێت: هۆشداری لە دۆخی کەشوهەوای سبەی چوارشەممە دەدەین و داوا دەكەین پەنجەرەکانتان توند دابخەن، ئۆتۆمبێلەکانتان لە شوێنی سەلامەت ڕاگرن، ئەوانەشی نەخۆشی ڕەبۆ و حەساسیەیان هەیە لە ماڵ نەچنە دەرەوە و هەتا بۆتان دەکرێت سبەی سەفەر نەکەن، چونکە مەودای بینین بۆ (150-300) مەتر کەم دەبێتەوە، باشترە شۆفێران لە حاڵەتی خۆڵبارین خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم بکەنەوە و فلاش یاخود لایتی بەرز بەکاربهێنن .

دەشڵێت “پێشبینی دەکرێت لە سبەینێوه شەپۆڵێکی تری خۆڵبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە”.

هەروەها دەڵێت “شەپۆڵەكە سەرەتا لە بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دەست پێ دەکات، لە کاتەکانی نێوەڕۆ بەدواوە کاریگەرییەكەی دەگاته هەرێمی كوردستان”.

شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا كە کاریگەری شەپۆڵەکە بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت.